دوو كچی كورد سیستمی ئاشكراكردنی تەقەمەنی نێو ئۆتۆمبێل دادەهێنن
رووداو - هەولێر
لەكاتێكدا پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگدا شەڕی داعش دەكەن، دوو پاڵەوانی نەناسراوی كورد لەناو جەرگەی هەولێرەوە ئەوپەڕی توانای خۆیان بەكاردەهێنن بۆ بەرگری كردن لە كوردستان.
ئیمان عەبدولڕەزاق حەسەن و داستان عوسمان حەسەن، دوو قوتابی ئامادەیین تەمەنیان 18 ساڵە، ئەوان سیستمێكی ئاشكراكردنی تەقینەوەیان دروستكردووە، كە دەتوانێت خەڵكی لە مەترسیی تیرۆریزم بپارێزێت.
ئەوان دەڵێن دوو تەقینەوەكەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە سێپتەمبەری رابردوودا هانی داون ئەو ئامێرە دروستبكەن.
"لە ناوەڕاستی تاقیكردنەوەكانی كۆتاییدا بووین" ئیمان وا دەڵێت "هەموو خەڵكی تووڕە و دوودڵ بوون، تەلەفۆن فشارێكی زۆری لەسەر بوو. نەماندەتوانی سەرنج بدەینە وانەكانمان".
ئەو دووانە حەوت ساڵ لەمەوبەریش هەر قوتابی بوون، كاتێك تەقینەوەیەكی دی لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ روویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 19 كەس. ئەوان بەبیریان دێت كە تۆقیبوون و قەڵەمەكانیان لەدەست كەوت و مامۆستاكان هەواڵی سەلامەتی كەسوكاریان دەپرسی لە سەروبەندی تەقینەوەكەدا.
ئەوان وەك بەشدارییەك لە پێشەنگای زانستی قوتابخانەدا، ئامێرێكیان پیشانی بەشداربووان دا كە دەتوانێت رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو تەقینەوانە بگرێت.
وەك سەرنجیان دەدا، هێزی ئاسایشی كوردی لە توانایاندا نییە هەموو ئۆتۆمبێلەكان بپشكنن، بۆیە بیریان لە دروستكردنی ئامێرێك كردەوە كە لە ماوەیەكی كورتدا بتوانێت ژمارەیەكی زۆری ئوتومبیل بپشكنێت. بۆ ئەو بیرۆكەیەیان مامۆستایەكیان سەرپەرشتی دەكردن و سەردانی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێریشیان كردبوو بە مەبەستی راوێژكردن. پارێزگار پێیگوتبوون زۆربەی ئەو تەقینەوانەی روو لە دەڤەرەكە دەكەن لە جۆری (C4) ن، بەڵام ئامێرەكەی ئەوان چەندین جۆری تەقینەوە ئاشكرا دەكات لەوانە چەكی كیمیایی.
ئەوكاتەی پێیانگوترا لە هەرێمی كوردستاندا تاقیگەی پێشكەوتووی ئەوتۆ نییە ئامێری وەهای تێدا دروست بكرێت، تووشی نائومێدییەك هاتن، بەڵام لەبری كۆڵدان و سڵەمینەوە سەرنجیان دایە سەر رێوشوێنێكی دی.
"پشكنینی ئۆتۆمبێلێك كاتێكی زۆری دەوێت، جا بە تاكە ئامێرێك بێت، یان بە سەگی راهێنراو، ئەمە جگە لەوەی رەوتی هاتووچۆش خاو دەكاتەوە". ئەمە گوتەی داستانە بۆ (رووداو). بۆیە "بیرمان لەوە كردەوە دەتوانن بەهۆی ئەم ئامرازە تەكنۆلۆژیانەی ئێستا هەن، سیستمێك دروست بكەین كە چەندین ئۆتۆمبێل لە یەككاتدا بپشكنێت، بێ ئەوەی ترافیك راوەستێنێت، بێئەوەی تەنانەت شۆفێریش هەست بكات ئۆتۆمبێلەكەی دەپشكنرێت".
ئەوان مۆدێڵكیان دروستكردووە كە تێیدا دوو ئامێری پشكنەر لە زبڵدانی هەردوولای شەقامەكەدا جێگیر دەكرێن، ئامێرێكیش بە هێمای هاتوچۆكەی سەرەوەوە دەبەسترێت، كاتێك ئوتومبیلەكە بەهۆی تاسەی شەقامەكەوە خێراییەكەی كەمدەكاتەوە، هەر سێ ئامێرەكە دەیپشكنن. بەهۆی ئەوەش كە فیزیای رووناكییان خوێندووە، سیستمەكەیان وا رێكخستووە كە لە شەواندا لەسەر بنەمای پشكنینی ئەو تیشكە سەروو وەنەوشەییەی لە ئامێرە لەیزەرییەكەوە دەردەچێت وێنەی ئۆتۆمبێلەكە دەاتە كامێرای بازگەكە.
هەرچەندە ئیمان و داستان پارەی كڕینی ئامێرەكەیان نییە (نرخی یەك دانە لەو ئامێرەكان بە 240 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت لەلایەن كۆمپانیای LSDی ئیسرائیلییەوە)، كۆمپانیاكە دەڵێت راستە ئەو سیستمەی ئەو دوو كچە كار دەكات. ئەوان دەڵێن سیستمەكەیان رۆژانە دەتوانێت 64 هەزار ئۆتۆمبێل بپشكنێت، لەكاتێكدا پشكنینی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل بە ئامێرەكە بە تەنیا ساڵێكی دەوێت.
بەرزترین خەڵاتی پیشانگا زانستییەكە درایە ئیمان و داستان، هەروەها لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی INESPO كە لە هۆڵەندا لە مانگی حوزەیران میدالیایان پێبەخشرا.
ئیمان نەیتوانی ڤیزای ئەوروپا بەدەس بهێنێت. بەڵام دوای ئەوەی داستان باسی ئەوەی بۆ دادوەرەانی پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەكە كرد كە ژیان لە سایەی هەڕەشەی تیرۆریزمدا چۆنە، فرمێسك بە چاوانیاندا هاتە خوارەوە و بڕیاریاندا بازنەی پێشبڕكێكە فراوان بكەن تا ئەو كارەی ئەوانیش بگرێتەوە، دەنا پێشبڕكێكە تەنیا بۆ بابەتە ژینگەییەكانە.
ئەو دوو قوتابییە دەڵێن پۆلیسی هۆڵەندا و 21 كۆمپانیاش پەیوەندییان پێوە كردوون بۆ بەكارهێنانی سیستمەكەیان. رێكخەرانی پێشبڕكێكەش تووشی شۆك هاتوون كە بۆیان دەركەوتووە تا ئێستا سیستمەكەیان نەفرۆشتووە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەو دووانە ئۆفەری كۆمپانیاكانیان رەتكردووەتەوە و بڕیاریان داوە سەرەتا بە خۆڕایی سیستمەكە پێشكەشی حكومەتەكەی خۆیان بكەن. ئیمان دەڵێت "مەبەستی سەرەكی ئەوەیە ژیانی خەڵكی رزگار بكەیت".
ئەوان خەڵاتەكەشیان رەتكردەوە، كە گەشتێك بوو بۆ بەرازیل، چونكە گەشتەكە كاری لە خوێندنەكەیان دەكرد. هەموو تێچووی پڕۆژەكە و گەشتەكەی ئەوروپاشیان لە ئەستۆ گرت. ئەوان گەلێك خاكی و رووگەشن، لەگەڵ ئەوەی دوو ئەندازیاری گەنجی هیممەتبەرزن، لەسەر رەزامەندی باوك و دایكیان ئەو بەشەی زانكۆ هەڵدەبژێرن كە تێیدا خوێندن تەواو دەكەن.