پاتریارکخانەی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەبارەی سووتاندنی قورئانەوە: رێگەنەدرێت بەناوی ئازادی تاکەکەسی ئەو جۆرە کارانە بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

پاتریارکخانەی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان، سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد کرد و بە "هەڵەیەکی زۆر گەورە و رەفتارێکی تاکەکەسی" وەسفی دەکات. هەروەها داوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و لەنێویشیاندا سوێد دەکات "رێگە نەدەن بەناوی ئازادی تاکەکەسییەوە ئەم جۆرە کردەوانە بکرێن."
 
پاتریارکخانەی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان کە بارەگاکەی لە هەولێرە، لەبارەی رووداوەکەی رۆژی چوارشەممەی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدەوە کە تێیدا گەنجێکی عێراقی 37 ساڵ بەناوی سەلوان مۆمیکا، قورئانی پیرۆزی سووتاند، راگەیێنداروێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە کەسێکی خوانەناسی بە رەچەڵەک عێراقی، رۆژی چوارشەممە 28ـی حوزەیرانی 2023 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، ئەوەش کارێکی تاکەکەسییە نەك کاری ئایینی مەسیحی یاخود کاری کەنیسەیەکی مەسیحی."
 
بارەگای پاتریارکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری، وەک خۆی دەڵێت، "بە تووندترین گوزارشتی سەرکۆنەکردن ئەو کردەوە قێزەونە سەرکۆنە دەکات، چونکە ھەڵەیەکی زۆر گەورەیە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی تاکەکەسی کە دەبێت ھەر مرۆڤێک رێز لە پیرۆزی بیروباوەڕ و پیرۆزییەکانی کەسانی دیکە و بەرامبەری بگرێت، بێڕێزیکردن بە پیرۆزی ئایینەکان بە ھەر شێوەیەک بێت ھەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانەیە و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینەیە."
 
کەنیسەکە کە بارەگای لە هەولێرە، ئەوەشی روونیکردووەتەوە، "کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری کە لەسەر بنەماکانی حەزرەتی مەسیح و کتێبی پیرۆز بونیادنراوە، ھەر وەكو چۆن لە رابردوودا رەتیکردووەتەوە، ئەمڕۆش ھەموو ئەو کردەوە و کاردانەوانە رەتدەکاتەوە کە ئامانجی بێڕێزی و سووکایەتیکردنە بە پیرۆزییەکان و شوێنەکانی خوداپەرستی و بڕواداران بەھەر رێگە و لەھەر کات و شوێنێک بێت و لەلایەن ھەر لایەن و تاکێکەوە بێت، داوای سەرجەم و پایەدارانی رووحی و ئایینی كە ئاگاداری بڕوادارەکانیان بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لەم جۆرە کردەوانە و کاردانەوەکانیان." 
 
کەنیسەکە داواکارییەک لە وڵاتانی جیهان دەکات و دەڵێت، "داوا لە حکومەتەکانی سەرجەم وڵاتان و لەنێویشیاندا حکومەتی سوێد دەکەین، رێگەنەدەن بەناوی ئازادی تاکەکەسییەوە ئەم جۆرە کردەوانە بکرێن، ئازادی سنووری خۆی ھەیە، گرنگترینی رێزگرتنی پیرۆزییەکانی کەسانی دیکەیە، ئەمەش کتێبی پیرۆز فێری کردووین کە فەرمووی (لەگەڵ یەکدی نەرموونیان بن) ئەفەسۆس 32:4."
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
 
لە عێراقیش رۆژی پێنجشەممە، خۆپێشاندان لەبەردەم باڵەخانەی سوێد لە بەغدا دەستیپێکرد و خۆپێشاندەران چوونە نێو باڵەخانەکە. 
 
رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.