تورکیا: پرۆسەی ئاشتی تەنیا بە چەکدانانی پەکەکە دەستپێدەکاتەوە

رووداو- سلێمانی

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە رۆژی چوارشەممە گەیشتنە باشووری کوردستان بەسەردانێک لە شاری سلێمانین و پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-7-2015 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.


شاندەکەی تورکیا داوایان لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە پەیامێک بگەیێننە پەکەک بۆ ئەوەی چەک دابنێن.

لە کۆبوونەوەکەی شاندی تورکیا کە پێکهاتبوو لە فەرەیدون سینێرلیئۆغڵۆ، بریکاری وەزیری دەرەوە و چەند دیپلۆماتێک نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و حەمە تۆفێق رەحیم بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە کاژێر 3-ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد و لەکاژێر 3.40 خولەک کۆتاییهات، بەپێی زانیارییەکانی (تۆڕی میدیایی رووداو) لە کۆبوونەوەکەدا" نەوشیروان مستەفا داوای لە شاندی تورکیا کردووە کە پێویستە هەرچی زووترە شەڕ رابگرن و پابەندبن بە پرۆسەی ئاشتی، چونکە هەردوو لایەن لەشەڕی داعشدان".

شاندی تورکیا زیاتر بۆ روونکردنەوەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا هاتوونەتە باشووری کوردستان چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە، شاندی تورکیا وەک خۆیان دەڵێن:" هاتوون بۆ هەرێمی کوردستانی روونبکەنەوە کە ئەو شەڕە بۆ روویداوە".

شاندەکەی حکومەتی تورکیا بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان-یان راگەیاندووە:" تورکیا پابەند بووە بە پرۆسەی ئاشتی و خوازیاری پرۆسەی ئاشتییە، ئەوەی کە ئەو پرۆسەیەی تێکداوە ، تورکیا نییە بەڵکوو پەکەکە-یە و پەکەکەیە کە بووەتە هۆی شکاندنی پرۆسەکە".

شاندەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەم بە یەکێتی و هەمیش گۆڕانیان راگەیاندووە کە:" داوا لە هەموو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن پەیامی تورکیا بگەیێننە پەکەکە کە پرۆسەی ئاشتی بە چەک دانانی ئەوان بەردەوام دەبێت و تاوەکو پەکەکە چەک دانەنێت پرۆسەی ئاشتی مانایەکی نییە، ئەو کاتەیە کە پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکاتەوە".

لەدوای کۆبوونەوەکە هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ساز نەکرا بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان جەختیانکردەوە کە:" بەردەوام دەبن لەپەیوەندی لەگەڵ تورکیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە".

فەرەیدون سینێرلیئۆغڵۆ دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و باسکردنی دوا پێشهاتەکان کۆبووەوە، ئەمڕۆ 30 تەمموز گەیشتە سلێمانی و لەلایەن کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازی لێکرا.

ماڵپەڕی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە زاری حاکم قادرەوە گواستیەوە، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و شاندی تورکیا داوا لە تورکیا کراوە تۆپباران دژی بارەگاکانی پەکەکە رابگرێ.