وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی پلاندانانی عێراق رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، راپۆرتی هەژاریی فرەڕەهەند - MPI) بەبێ ئاگاداری و بەشداریی ئەوان ئامادە و بڵاوکراوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو هەر لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کاری لەسەر بکرایە.
 
رۆژی چوارشەممە، 30-07-2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە بەغدا، راپۆرتی (هەژاریی فرەڕەهەند)ی راگەیاند کە بە هاوکاریی رێکخراوی UNDP ئامادە کراوە.
 
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم راپۆرتە بێ ئاگاداریی ئەوان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە، دەبووایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم راپۆرتە و وردەکارییەکانی بکرایە، تاوەکو راوبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێیدا جێگیر بکرێت.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێویستبوو دوا رەشنووس بە دەستمان بگات تاوەکو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسند بکەین و ئامادە بین لە رێوڕەسمی راگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەکانی وەربگرین."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، رێژەکانی ئاماژەپێکراو لە راپۆرتەکەدا پشتی بەستووە بە داتاکانی دوا رووپێوی (ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان) بۆ ساڵانی (2023-2024) و لە رۆژی 26-2-2025 ئەنجامەکانی راگەیێندراوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لە بەشێکی قسەکانی دا باسی رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، هەولێر کەمترین رێژەی هەژاری تێدایە لەسەر ئاستی عێراق.
 
هینداوی گوتی، "هەولێر کەمترین رێژەى هەژاریی فرە رەهەندى تۆمارکردووە بە 6.8%، ئەم رێژەیە لە دهۆک و سلێمانى کەمێک بەرزدەبێتەوە، بەوپێیەى دهۆک پێشتر لە ساڵى 2014  چەند شەپۆلێکى ئاوارەبوونى زۆرى لەخۆگرت، ئەمەش کاریگەرى لەسەر ئاستى خزمەتگوزاری و بژێوى لە پارێزگاکە هەبووە".
 
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، "رێژەى هەژاری لە دهۆک و سلێمانى لەنێوان 8% بۆ 10% دەبێت". گوتیشی، "زۆرترین رێژەى هەژارى لە پارێزگاى موسەننایە بە 40%، ئەم رێژەیە کەمبووەتەوە و لە ساڵى 2022 موسەننا رێژەى هەژارى تێیدا 52% بووە".