داعش شەهیدكردنی پۆلێك پێشمەرگەی دیلی راگەیاند

رووداو- هەولێر

گرووپی داعش لە ویلایەتی نەینەوا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا شەهیدكردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی راگەیاند.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆی كە لایەنگرانی داعش رۆژی چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2015 لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردووەتەوە، ژمارەیەك پێشمەرگەی دیل لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە شێوەیەكی دڕندانە و قێزەون سەردەبڕدرێن.

یەكێك لەو چەكدارانەی پێشمەرگەكان شەهیددەكەن كوردە و بەزمانی كوردی پەیام بۆ خانەوادەی دیلەكان و مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرن، هەروەها هەڕەشەی داگیركردنی هەولێری پایتەخی باشووری كوردستانیش دەكەن.

ڤیدیۆكە بە تەكنیكێكی بەرز تۆماركراوە، بەمەش دەردەكەوێت كە ئەمڕۆ شەهیدنەكراون و ماوەیەك ئامادەكاری بۆ كراوە، هەروەها لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كە پێشمەرگەیەك قورئان دەخوێنێت و پێشمەرگەیەكی دیكەش شەهادە دێنێت. ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی شەهید دەكرێن ژمارەیان لە 7 كەس زیاترە.

رووداو لەبەر قێزەونی و رەوچاككردنی باری دەروونی بینەران و پرۆپاگەندەنەكردن بۆ ئەو گرووپە، گرتە ڤیدیۆكە بڵاوناكاتەوە.

بڵاوكردنەوەی وێنەی شەهیدكردنی ئەو پێشمەرگانە لەكاتێدایە رۆژی چوارشەممە هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك، هێرشێكی بەفراوانیان بۆسەر داعش ئەنجامدا و 17 گوند كۆنترۆڵكرانەوە. دوای دەستپێكردنی هێرشەكەش، ئەكاونتەكانی داعش لە تویتەر هاواریان لێبەرزبووەوە و داوای هاوكارییان لە چەكدارانی گرووپەكەیان لە ناوچەكانی دیكە كرد.