عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کوردانی ئێزدی: مافەکانتان دەپارێزم

رووداو دیجیتاڵ

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نامەیەکدا بۆ کوردانی ئێزدی دەڵێت: "مافتان دەپارێزم".

نامەکە رۆژی سێشەممە، 30-9-2025 لەلایەن میدیای پەکەکەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "من ئێزدی نیم، بەڵام خەم و ناسنامەی ئێوەم کردووەتە خەمی خۆم. جارێکی دیکە هەرگیز فەرمانتان بەسەردا ناسەپێندرێت و لە هیچ شوێنێک ئەو ستەمە (کۆمەڵکوژکردنیان لە لایەن داعش) دووبارە نابێتەوە. واز لە لێپرسینەوە لەوانەی دوایین کۆمەڵکوژییان کرد (داعشەکان) ناهێنم. واز لە سۆراخی ژنان و منداڵانی رفێندراو ناهێنم. لەپێناو رزگاربوونی ئەوان و بەجێهێنانی دادپەروەری، تاوەکو کۆتایی کۆشش دەکەم".
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێ، گەیشتن بەو رۆژەی کە تێیدا کوردانی ئێزدی ئازادانە بژین و بە شانازییەوە درێژە بە کولتووری خۆیان بدەن، بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێ.
 
ئۆجەلان رایگەیاندووە، رێزی بێ پایانی بۆ کوردانی ئێزدی هەیە و دەڵێت: "بوون و مافتەکانتان دەپارێزم. ئەو دیارییە بەنرخەی بۆتان ناردبووم، وەرمگرت. بەڵێن دەدەم رۆژێک بەو جلانەوە چاوم بە ئێوە دەکەوێ".
 
میدیای پەکەکە ئەو نامەیەی رۆژی سێشەممە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی کردووە کە نامەکە رۆژی 8ی ئەیلوول لەلایەن ئۆجەلانەوە لە دوورگەی ئیمراڵی نووسراوە، ئەوەش دوای ئەوەی جلوبەرگێکی کوردانی ئێزدی بۆ نێردراوە. 
 
لە 03-08-2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
 
بەڵام هەر زوو دەست بە هەوڵەکان کرا بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنان و رزگارکردنی رفێندراوان. 
 
نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2014ەوە کار بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی رفێندراو دەکات.
 
3-8-2025 خەیری بۆزانی، سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 2014ەوە 3 هەزار و 590 کوردی ئێزدی رزگارکراون کە ''رزگارکردنی 86٪ـیان لە رێگەی نووسینگەی ئێمەوە بووە".