لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک هاونیشتمانی دەستبەسەرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ماوەی دوو رۆژدا هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی ورمێ و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان شەش هاونیشتمانییان دەستبەسەر کردووە.
 
هێزە ئەمنییەکان لە شاری پیرانشار بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 دوو هاونیشتمانییان بە ناوەکانی رەئوف فەروخی و رەحیم رەحمانی دەستبەسەر کرد.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، هێزەکانی ئیتلاعات بێ پێشاندانی فەرمانی دەستبەسەرکردن چوونەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاونیشتمانییە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان شکاندوون. 
 
لە شاری مهابادیش رۆژی چوارشەممە هاونیشتمانییەک بە ناوی سەیران شاوەلە دەستبەسەر کرا. سەیران شاوەلە هاوژینی جەلال سەدەفی، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە ساڵێکە دەستبەسەر کراوە و لە گرتووخانەیە. 
 
هەر لە مهاباد، رۆژی سێشەممە دوو چالاکڤان بە ناوەکانی شەماڵ رەسوڵ مروەت و کەیوان سەیدئەحمەدی دەستبەسەر کراون.
 
رۆژی چوارشەممەش لە شاری کامێرانی پارێزگای سنە، هاونیشتمانییەک بە ناوی زیلان کەمانگەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا. رێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا بڵاویکردووەتەوە، ئەو هاونیشتمانییە دوای دەستبەسەرکردن گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی شاری سنە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، "دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییانە بە هۆکاری سیاسی بووە."