لە سەقز رێوڕەسمێکی گەورە بۆ پێشوازی لە پاڵەوانی زۆرانبازیی جیهان بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی هەزاران هاونیشتمانی، پێشوازی لە گەڕانەوەی محەممەدموبین عەزیمی، پاڵەوانی زۆرانبازیی جیهان کرا.
رۆژی پێنجشەممە 31-10-2025 لە پارکی مەولەویی سەقز رێوڕەسمێکی گەورە بۆ پێشوازی لە زۆرانبازی ناوداری شارەکە، محەممەدموبین عەزیمی بەڕێوەچوو و بە هەزاران کەس تێیدا بەشدار بوون.
لە رێوڕەسمەکەدا، ئەو زۆرانبازە سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیری خەڵکی سەقز و کوردستانی کرد و بەڵێنی پێدان لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتووشدا، هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی ناسناو و مەدالیای زیاتر.
عەزیمی کە وەکو یاریزانی کێشی 92 کیلۆگرامی هەڵبژاردەی ئێران بەشداری لە پاڵەوانێتیی خوار 23 ساڵانی جیهاندا کردبوو، توانی بەسەر زۆرانبازانی ئۆزبەکستان، ئازەربایجان، ئەمریکا، ئۆکراینا و رووسیادا سەربکەوێت و پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکە لەو کێشەدا بەدەست بهێنێت.
پاڵەوانێتیی زۆرانبازیی خوار 23 ساڵی جیهان لە رۆژانی هەینی تاوەکو دووشەممەی رابردوو لە سڕبیا بەڕێوەچوو و هەڵبژاردەی ئێران توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت.
محەممەدموبین عەزیمی پێشتریش لە ساڵەکانی 2023 و 2024 توانیویەتی لە ئاستی مێرمنداڵان و گەنجاندا پلەی یەکەمی زۆرانبازیی ئازادی جیهان بەدەست بهێنێت. هەروەها لە پاڵەوانێتیی ئەم ساڵی ئاسیادا پلەی سێیەم و مەدالیای بڕۆنزی بەدەست هێنا. لە ئاستی ئێرانیشدا سێ جار پلەی یەکەمی ئەو وڵاتەی بەدەستهێناوە.