حەمەسوور دووشیوانی: ئەو راگەیێندراوەی بۆ پشتیوانی لە لاهوور شێخ جەنگی بڵاوکراوەتەوە، راست نییە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو راگەیێندراوە رەتدەکاتەوە کە بەناوی ژمارەیەک لە سەرکردایەتیی ئەو حیزبەوە بڵاوبووەتەوە و تێیدا لاهوور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناودەهێنن و پشتیوانیی بۆ دەردەبڕن. دەشڵێت: "راگەیێندراوەکە ساختەیە و بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی دەزانم."
 
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، محەممەد عوسمان، ناسراو بە "حەمەسوور دووشیوانی"، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئەو راگەیێندراوەی بەناوی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوبووەتەوە و ناوی ئەویشی لەسەرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگام لەو راگەیێندراوە نییە و ساختەیە، راست نییە."
 
لەبارەی ناساندنی بافڵ تاڵەبانیشەوە کە لە دیداری یەکێتی لە ئایاری ئەمساڵ بە سەرۆکی یەکێتی ناسرا دوای کێشە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە و پۆستی هاوسەرۆکی لەو حیزبە هەڵگیرا، گوتی: "من بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانم."
 
رۆژی سێشەممە، 29-11-2022، راگەیێندراوێک بەناوی "بەیاننامەی پشتگیری کۆمەڵێک سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لاهوور شێخ جەنگی"، بەناوی 15 سەرکردەی یەکێتی لەژێر ناونیشانی: "ئاگادارکردنەوە" بڵاوکرایەوە گوایە ئاڕاستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبەیان کردووە و تێیدا لاهوور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی دەناسێنن و بە: "هاوسەرۆکی شەرعی بە کۆنگرە دانراوە" ناوی دەهێنن، رەخنە لە بارودۆخی نێوخۆی یەکێتی دەگرن.