هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای 17 ساڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ یەکەمجار ژووری بازرگانیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن دەکەن و ئەنجوومەن و سەرۆک و جێگری نوێ هەڵدەبژێردرێن.
سالار قادر فاتکە، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی ژوورەکە تاوەکو کاژێر 17:00 بەردەوام دەبێت".
هەڵبژاردنی ژووری بازرگانیی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە هاوکات دەبن.
لە هەڵبژاردنەکاندا 33 بەربژێر لە پارێزگای هەولێر رکابەری دەکەن لەسەر 13 کورسی و چوار یەدەگ.
لە سلێمانی 26 بەربژێر رکابەری لەسەر 13 کورسی و چوار یەدەگ دەکەن.
لە دهۆک 17 بەربژێر لەسەر 11 کورسی و چوار یەدەگ.
لە پارێزگای هەڵەبجە 10 بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی نۆ کورسی و یەک یەدەگ خۆیان بەربژێرکردووە.
سالار قادر فاتکە گوتی، "دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەن، سەرۆک و دوو جێگر لەلایەن ئەو ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێن".
بە گشتیی ئەمڕۆ 29684 بازرگان مافی دەنگدانیان هەیە.
دواین هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 16-4-2006 کراوە.