خەڵاتی قەڵات بۆ ساڵی 2025 بەخشرا

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر بۆ جاری دووەم براوەی 'خەڵاتی قەڵات'ی بۆ پێشبڕکێی تەلارسازی راگەیاند و خەڵاتەکانی بەسەر بەشداربووندا دابەشکردن.
 
لە رێوڕەسمێکدا کە رۆژی یەکشەممە 30-11-2025 لە هۆڵی مامۆستا سەعد لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، خەڵاتی قەڵات لەلایەن ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر بەخشرایە دیزاینێکی تەلارسازی بە ناوی 'دەنگی چیاکان'.
 
بەدران ئەحمەد حەبیب، جێگری سەرۆکی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی گرنگیدان بە تەلارسازی و ئەندازیارانی گەنجی کرد و گوتی: "ناوەندەکەمان بە ستافێکی بژاردە و لێهاتووەوە کاری باشی کردووە. ناوەندەکەمان لەم دوو سێ ساڵەی تەمەنیدا کاری گرنگ و گەورەی کردووە. لە بواری دیجیتاڵ و بڵاوکراوەی کوردی دا نزیکەی 3600 کتێب و بڵاوکراوەمان وێنەگرتووە. ئەمانە جگە لە وێنەی فۆتۆگراف و بەڵگەنامەی کۆن. ماوەی ساڵێکە دەستمان بە دیجیتاڵکردنی کتێبخانەی نووسەر و رووناکبیر د، مارف خەزنەدار. بەردەوامیش دەبین هەتا تەواوی دەکەین".
 
بەڵگەفیلمی قەڵات بەناوی 'شوێنێک لە نێوان ساتەکان' پێشکێشی ئامادەبووان کرا.
 
لەو بەڵگەفیلمەدا باسی پێشبڕکێی خەڵاتی قەڵات کرا.
 
نزیکەی 100 دیزاین پێشکێشی دادوەرانی ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر کرا و دادوەران بە پێوەری ستاندار هەڵسەنگاندنیان بۆ کارەکان کرد.
 
سەرەتا رێزلێنان بەخشرایە پێنج دیزاین، کە لەلایەن دەستەی دادوەرانەوە بە شایستە زانرابوون.
 
دواتر خەڵاتی قەڵات کە یەک خەڵاتە و تایبەتە بە یەک بەرهەم، بەخشرا.
 
هەر یەک لە هێلین یاسین، سەحەر عیززەت، میلان محەممەد و عەبدولباری زوبەیر بە پرۆژەی 'دەنگی چیاکان' بوونە خاوەن خەڵاتی یەکەمی قەڵات بۆ 2025 و خەڵاتەکەیان لەلایەن باراڤ بارێز بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور پێدرا.
 
خەڵاتی قەڵات چییە؟ 
 
پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی تەلارسازییە و ماوەی دوو ساڵە  دابەش دەکرێ. 
 
تەلارسازان دەتوانن بە دیزاینەکانیان بەشداری لەو پێشبڕکێیە بکەن و رکابەری بۆ بردنەوەی خەڵاتی قەڵات بکەن.
 
پێشبڕکێکە دروستکردنی ناوچەیەکە بۆ کۆبوونەوەی خەڵک. شوێنێک، کە خەڵک بتوانن ساتێکی ئارام و ئاسوودەی تێدا بەسەر ببەن.
 
هاوکات ئەو شوێنە سەکۆیەکیش بێت بۆ گوتاردان، خوێندنەوەی هۆنراوە، پشوودان و یاریکردن.