میتی تورکیا کشانەوەی پەکەکەی لە زاپ پشتڕاستکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی میدیای تورکیا، دەزگای هەواڵگری-میت و سوپای تورکیا، پشتڕاستیان کردووەتەوە پەکەکە شەش ئەشکەوتی لە ناوچەکانی زاپ و مەتین چۆڵکردووە، کە پێشتر رایگەیاندبوو هێزەکانی لێ کشاندووەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێک کە ئەمڕۆ یەکشەممە 30 ـی تشرینی دووەمی 2025 لە رۆژنامەی "تورکیا" نزیک لە حکومەتی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی ئەو کارانەدا دەرکەوتووە، لە زاپ چوار ئەشکەوت و لە مەتین دوو ئەشکەوت، بە تەواوی چۆڵکراون، تەقەمەنییەکان تۆمارکراون و لەنێوبراون و لەو خاڵانەدا چەکی قورس نەماوە.
پەکەکە رۆژی یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 رایگەیاندبوو، ئەو هێزانەی مەترسیی پێکدادانیان لە ناوچەی زاپ دروست دەکرد و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بۆ ناوچەی دیکە کشاونەتەوە.
پەکەکە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردبووەوە، "باوەڕمان وایە ئەم هەنگاوە نوێیەمان، خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات".
"میکانیزمی پشتڕاستکردنەوە" کە لەلایەن میت و سوپای تورکیاوە دامەزرێندراوە، دەریخستووە کە پەکەکە لە زاپ و مەتین شەش ئەشکەوتی چۆڵکردووە و تەقەمەنییەکانیشی لەناوبردووە.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو ناوچانەی پەکەکە رایگەیاندبوو "لێی کشاوینەتەوە"، بە هاوئاهەنگی میت و سوپای تورکیا پشکنراوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی خواکورک، گارە و حەفتانین بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی نوێ لە هێڵی شەنگال-مەخموور بنرێت، کە بە هێڵێکی گرنگ بۆ لۆجستیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دادەنرێت.
باسی ئەوە دەکرێت، گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانیییە سڤیلانەی باکووری کوردستان لە کەمپی مەخموور دەژین بۆ تورکیا و پێدانی ناسنامە لە رۆژەڤدایە.
پەکەکە، لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025 ـدا رایگەیاندبوو سەرجەم هێزە چەکدارەکانی لە تورکیا کشاندووەتەوە. سەبری ئۆک، یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو، ئەو هەنگاوەیان لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری و لەسەر بنەمای بانگەوازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە بۆ دانانی چەک ناوە.
گرووپێک لە چەکدارانی پەکەکەش، هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا لە 12 ـی تەممووزی 2025 لە رێوڕەسمێکدا لە سلێمانی چەکەکانیان سووتاندبوو. لە مانگەکانی پێشووتریشدا پەکەکە کۆنگرەی بەستبوو و هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاندبوو.