یەکێتی سەرۆکی ئەنجوومەنى گشتی چۆن دادەنێ؟

رووداو- هەولێر
 
دواجار یەکێتى نیشتمانی کوردستان کۆنگرەى چوارەمى بە کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە بەست، بەڵام لەو کۆنگرەیەدا کارتى سوور بەڕووى ئەوانەدا بەرز کرایەوە کە پێشتر چووبوونە ناو بزووتنەوەی گۆڕان، یان هاوپەیمانى بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و دواتر گەڕابوونەوە ناو یەکێتى. جگە لە سێ کەسیش، سەرجەم ئەندامانى سەرکردایەتیی پێشوو کە خۆیان بەربژێر کردبوو، دەرچوونەوە.
 
دواى چەند جارێک دواخستن، رۆژى 21-12-2019 یەکێتی نیشتمانیى کوردستان چوارەمین کۆنگرەى خۆى لە شارى سلێمانى بەست. لە رۆژى یەکەمى کۆنگرەدا یەکێتى ئەنجوومەنێکى باڵاى بەناوى "ئەنجوومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتى" دامەزراند کە کۆسرەت رەسوڵ عەلى سەرۆکى ئەنجوومەنەکەیە و هەر یەک لە: مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، شێخ جەعفەر مستەفا، ئەرسەلان بایز، عومەر فەتاح، حاکم قادر حەمەجان و عەدنان موفتى و دلێر سەیدمەجید لەخۆدەگرێ.
 
لە رۆژى دووەمى کۆنگرەدا پرۆژەى پەیڕەوى ناوخۆى کۆنگرە بە دەنگى زۆرینەى ئەندامانى کۆنگرە پەسەند کرا و دەسەڵاتیش بە ئەندامانى ئەنجوومەنى گشتى درا کە بۆیان هەیە پەیڕەوەکە هەموار بکەن. رۆژى سێیەمى کۆنگرە رۆژە هەستیارەکەى کۆنگرە بوو کە تێیدا 118 کەس بە ئەندامى ئەنجوومەنى گشتى هەڵبژێردران، پێشتریش هەر یەک لە د.بەرهەم ساڵح، د.رێواس فایەق و قوباد تاڵەبانى بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرابوون.
 
پێنج ئەندامى سەرکردایەتى دەرنەچوونەوە
 
لەو کۆنگرەیەدا جگە لەو 7 ئەندامەى پێشووى سەرکردایەتیی یەکێتى کە بوون بە ئەنجوومەنى باڵاى سیاسى و بەرژەوەندیی یەکێتى، تەنیا دوو ئەندامى پێشووى سەرکردایەتى خۆیان بەربژێر نەکردەوە، ئەوانیش جەمیل هەورامى و فریاد رواندزى بوون. سەرجەم ئەندامانى پێشووى سەرکردایەتى خۆیان بەربژێر کردبوو، پێنج لەوان دەنگى پێویستیان نەهێنا کە بریتی بوون لە: سامان گەرمیانى، عوسمان بانیمارانى، بەرزان ئەحمەد کوردە، نەرمین عوسمان و هەڵۆ پێنجوێنى. 
 
بەرزان ئەحمەد کوردە، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی باسى هۆکارى دەرنەچوونى دەکات و دەڵێت: "100 ناو تێپەڕیبوو ناوی من نەنووسرابوو، تەنیا (کوردە) نووسرابوو، ئەم ناوەش هەم بۆ کچە و هەم بۆ کوڕ. خەڵکیش بە کوردە من ناناسێ، زۆرینەی برادەرەکانم و ناسیاوەکانم پێیانگوتم ناوی تۆ لە لیستەکەدا نەبووە، بۆیە دەنگمان پێنەداوی. ناوى من بە دەست بە کاڵى نووسرابوو، ئەوانەى دیکە بە کۆمپیوتەر نووسرابوون، ئەمانە هۆکاربوون بۆ ئەوەى دەرنەچم". بەرزان ئەحمەد کوردە ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لێژنەى باڵاى کۆنگرە لێکۆڵینەوە لە کێشەکەى دەکات و چاوەڕێى وەڵامى ئەوانە. 
 
لەدواى تەواوبوونى کۆنگرە، بافڵ تاڵەبانى کوڕە گەورەى تاڵەبانى پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "من لەسەر وەعدی خۆم بەردەوام بووم و لەسەر داوای هەڤاڵانم، هیچ جۆرە تەوافوقێکم قبوڵ نەبوو لەگەڵ هیچ لایەن و کەسێکدا و راستگۆ بووم بەرامبەر کادیران و لایەنگرانی یەکێتی". ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گشتى کە دەڵێت لە کۆنگرەدا دەنگی نەداوە، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە سەرجەم کاندیدەکان بە خوشک و برای خۆی دەزانێ بەبێ جیاوازی. 
 
بافڵ تاڵەبانی کە لە بازنەی کەرکووک دووەم دەنگی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هێنا، پەیامى بۆ ئەوانە هەیە کە دەرنەچوون و دڵنیایان دەکاتەوە کە سەرجەمیان "بە ئەندامی بەوەفا و سەرکەوتووی یەکێتی" دەزانێت و هەمیشە پشتگیریی ئەویان هەیە.
 
تاڵەبانییەکان دوو ئەوەندەی جارانن
 
لە سەرکردایەتی پێشووى یەکێتى تەنیا چوار تاڵەبانى هەبوون: مام جەلال، بێگەرد تاڵەبانى، ئاڵا تاڵەبانى و پۆڵا تاڵەبانى، بەڵام پاشناوى تاڵەبانى لەنێو ئەندامانى ئەنجوومەنى گشتیی بە بەراورد بە رابردوو دوو ئەوەندە زیادی کردووە. لەم ئەنجوومەنەدا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانى، قوباد تاڵەبانى، لاهوور جەنگی تاڵەبانى، ئاراس جەنگی تاڵەبانى، پۆڵا سیروان تاڵەبانى، بێگەرد تاڵەبانى، ئاڵا تاڵەبانى و جەلال شێخ ناجى تاڵەبانى ئەندامن.
 
بەڵام لە کۆنگرەدا بەرپرسانى مەکتەبەکانى کوڕانى تاڵەبانى چانسیان نەبوو. هەر یەک لە شێخ جەمال تاڵەبانى، بەرپرسى نووسینگەى بافڵ تاڵەبانى و یوسف گۆران، بەرپرسى نووسینگەى قوباد تاڵەبانى و وەزیرى پێشووى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەرنەچوون.
 
سەبارەت بە زیادبوونى ژمارەى تاڵەبانییەکان لە سەرکردایەتى یەکێتى، ئەحمەد قەدەفەری، ئەندامى ئەنجوومەنى گشتیی یەکێتى دەڵێ: "لەسەردەمی مام جەلالدا تەنیا ئاڵا تاڵەبانی و بێگەرد تاڵەبانی خۆیان هەڵبژارد و دەرچوون، بەڵام لە کۆنگرەی چواردا قوباد و بافڵ و لاهوور و ئاراس کە چوار کەسن لە بنەماڵەی تاڵەبانی، بۆ سەرکردایەتی دەرچوون، ئیتر نازانم ئەمانە لە سەردەمی مام جەلال خۆیان کاندید نەدەکرد، یان مام جەلال نەیدەهێشت".
 
کارتى سوور بۆ کۆنە گۆڕان و هاوپەیمانى
 
ساڵى 2009 نەوشیروان مستەفا لە یەکێتى جیابووەوە و بزووتنەوەى گۆڕانى دامەزراند و ژمارەیەکى بەرچاو لە سەرکردە و کادیرەکانى یەکێتى لەگەڵ خۆى برد. دواتر بەرهەم ساڵحیش کە جێگرى دووەمى سکرتێرى یەکێتی بوو، لە ئەیلوولى 2017 لە یەکێتى جیابووەوە، بەڵام دواتر گەڕایەوە نێو یەکێتى. هەروەها ژمارەیەک لەو سەرکردە و کادیرانەى لەگەڵ نەوشیروان مستەفا وازیان هێنابوو، گەڕانەوە نێو یەکێتى.
 
لەو کۆنگرەیەدا ژمارەیەک لەو سەرکردە و کادیرانە خۆیان بەربژێر کردبوو، بەڵام هیچیان دەرنەچوون. لەوانەش سەرکەوتى کوبە، عوسمان بانیمارانى کە پێشتر گۆڕان بوون. هەروەها دڵشاد عەبدولڕەحمان، عەلى مستەفا، سلێمان عەبدوڵڵا یونس کە پێشتر بووبوونە هاوپەیمانى. سالار مەحموودیش کە پێشتر پەرلەمانتاری یەکێتی بووە و ئێستا راوێژکارى د.بەرهەم ساڵحە دەرنەچوو.
 
عەلی مستەفا، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی بادینان بە (رووداو)ی گوت: "لە نزیکەى 25 ئەندام کە نزیکی د.بەرهەم ساڵح بوون، تەنیا مەحموود سەنگاوی، عەدنانی حەمەی مینا و حەمەی حەمەسەعید دەرچوون، ئەوانیش لەبەر ئەوەى هێزیان هەیە و پێشتر سەرکردایەتی بوون، بۆیە دەرچوون".
 
هەروەها دەڵێت: "لەنێو کۆنگرەدا کۆمەڵێک لیست دروستکرابوون، هەر کەسێک لەناو ئەو لیستانە نەبووبێ دەرنەچووە، بۆ هەر لیستێکیش کۆمەڵێک دەنگدەریان ئامادە کردبوو لەڕێی هێز و پارەوە بۆ ئەوەی دەربچن، نزیکەی 300 تا 400 دەنگدەر ئامادە کرابوون، بۆیە ئەوەی ناوی لە لیستەکان بووایە دەردەچوو".
 
عەلی مستەفا پێیوایە یەکێتی بەجۆرێک لە جۆرەکان سزای داون و سزاکەش بەتایبەت بۆ کادرە نزیکەکانی بەرهەم ساڵح بووە. گوتیشی: "ئومێدێکمان بە کۆنگرەی چوار هەبوو، بەڵام بە دەستکارییەوە تیمێک لە کۆنگرەدا دەرچوون کە نامونەزەمن و هەندێکیان لە دەرەوەی رێنماییەکان دەرچوێنراون".
 
سالار مەحموود، ئەندامى خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکێتى کە ئێستا لە بەغدا راوێژکارى سەرۆککۆمارە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى فەیسبووک باسى هۆکارى دەرنەچوونى کردووە و دەڵێت: "لە کۆنگرەی چوارەمی نوێبوونەوەی یەکێتیدا، متمانەی 333 ئەندامی کۆنگرەم هێناوە. بەشاهیدی ئەو هەڤاڵانەی چاودێریی پرۆسەکەیان دەکرد، دەزانن دەنگی شایستە و براوەم هێناوە و دەرچووم، بەڵام ئێستا لێرەو لەوێ لە بازنەی گەرمیان ناوی دەرچووەکان رادەگەیەنرێ و ئیحتیاتی یەکەمیش نیم".
 
سالار مەحموود گومان دەخاتە سەر پرۆسەى جیاکردنەوەى دەنگەکانى بازنەى گەرمیان و دەڵێت: "پرسیار دەکەم بۆچی تەنیا مەڵبەندی گەرمیان لە ساتی خۆیدا رانەگەیەنرا، بۆچی ئاکامە بەراییە نافەرمییەکە بەخۆمان رانەگەیەنرا کە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواو بوو وەک هەموو بازنە و مەڵبەندەکانی دیکە". 
 
هەروەها دەڵێت: "کاندیدەکان خۆمان دەنگی خۆمانمان بینی، لەبەردەستمان جیا دەکرانەوە، کاندیدی هەڤاڵم زیاتر لەسەد دەنگ لە دوایین وەرەقەی دەنگدان لە پاش دەنگی منەوە بووە، ئێستا دەخرێتە پێش دەنگی من!! بۆ؟".
 
نیاز سەعید کە کادیرێکى دیارى یەکێتییە و لەو کۆنگرەیە دەرنەچووە، لە پۆستێکدا لە ئەکاونتى خۆیدا لە فەیسبووک نووسیویەتى: "لەناو گێژاوی ململانێ قورس و ئاڵۆزەکان و بوونی پاڵێوراوێکی زۆری بێشومار و ئەو دەیان دەعوەتی نانخواردنە گەورانەی کە بە پارەی (یەکێتی!) لەلایەن پاڵێوراوە پارەدارەکانەوە لە رێستۆرانتە پێنج ئەستێرەکانی (داوا) و (وایت پلاس)ی ناو بەرزاییەکانی سلێمانی و (ئەبوو سەنا) و رێستۆرانتی (تایتانیک) کران... بووینە قوربانیی سازانێکی تۆکمەیی و ململانێیەکی شاراوەی تازەی ناو (یەکێتی)".
 
نیاز سەعید کە لە بازنەى سلێمانى بەربژێر بووە، 230 دەنگى هێناوە و لە نێو 113 بەربژێرەکەى ئەو بازنەیە سێیەم بووە. ئەو دەڵێت بەنیازە لە داهاتوودا بە وتارێک هەڵسەنگاندن بۆ کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى بکات.
 
کەى سەرکردایەتى کۆدەبێتەوە؟
 
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی رەنگە بکەوێتە سەرەتای ساڵی 2020. ئێستاش سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. ئەرکی لە پێشینەی کۆبوونەوەکەش بریتی دەبێ لە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، لێژنەکە یەکسەر دەستبەکار دەبێ، چونکە هەموو بابەتەکان بەندن بە پەیڕەوی ناوخۆوە".
 
کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجوومەنى گشتیى یەکێتى بە سەرکردایەتی بە تەمەنترین ئەندامى ئەنجوومەنەکە دەبێ، تا ئەوکاتەى سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێ. بە تەمەنترین ئەندامى ئەنجوومەنەکەش مستەفا چاوڕەشە کە لەدایکبووى 1946 ـە.
 
مستەفا چاوەڕەش، ئەندامى ئەنجوومەنى گشتى بە (رووداو)ى راگەیاند: "بەڵێ من بە تەمەنترین ئەندامى ئەنجوومەنى گشتیم، سەرپەرشتى یەکەمین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە دەکەم و دواتر کۆبوونەوەکە بە کراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەو کاتەى سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێ".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە، فەرید ئەسەسەرد گوتى: "هەموو ئەندامانى سەرکردایەتى مافى خۆبەربژێرکردنیان هەیە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دەکرێ سەرۆک بە تەوافوق دابنرێ".
 
ئەندامانى ئەنجوومەنى باڵاى سیاسى زیاد دەکرێن
 
یەکێتى لەو کۆنگرەیەدا ئەنجوومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى داناوە کە ئێستا لە سەرۆکێک و هەشت ئەندام پێکدێ. بەڵام ئەگەرى هەیە ژمارەى ئەندامانى ئەنجوومەنەکە زیاد بکرێ.
 
جەمیل هەورامی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی کە لەم کۆنگرەیە خۆى نەپاڵاوت، دەڵێت: "پێشنیاز کراوە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا لە 7 کەس کەمتر نەبێ و لە 15 کەس زیاتر نەبێ، پێشنیازم بۆ کرا کە ببمە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام رەتمکردەوە و بڕیارمداوە واز لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی بهێنم".
 
جەمیل هەورامى ئاماژە بە گۆڕانکارى دیکە دەدات کە یەکێتى بەنیازە بیانکات و دەڵێت: "ئەنجوومەنى سەرکردایەتى پارێزگاکان دروست دەکرێ. پێشنیازیش هەیە ئۆرگانێکی جێگرەوە بۆ مەڵبەندەکان دابنرێ، بەڵام دوابڕیار لەلای سەرکردایەتی گشتیی حیزبە، هەر لەگەڵ یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی گشتیش تەشکیلەی مەڵبەند و کۆمیتەکان دەگۆڕێ و بەشێکیان لادەبرێن، چونکە ناکرێ لە ناو یەک قەزادا سێ کۆمیتە و مەڵبەندێک هەبن". 
 
هەر لەوبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد دەڵێ: "ئەنجوومەنی هەرێمەکان بۆ هەولێر، سلێمانی و دهۆک دروست دەکەین، دواتر بڕیار لەسەر مەڵبەندەکانیش دەدرێ".
 
کێ دەبێتە سەرۆک/ سکرتێر؟
 
ئەوەى لەدواى کۆنگرە لەمەودوا زۆرترین قسەى لەسەر دەکرێ پۆستی سەرۆک/ سکرتێرى یەکێتییە. بۆ ئەمەش ناوى هەر یەک لە بافڵ تاڵەبانى، د.بەرهەم ساڵح و لاهوور شێخ جەنگى دەهێنرێ.
 
ئەحمەد قەدەفەری دەڵێت: "ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی سەرۆک بە هەڵبژاردن دابنرێ، ئەوا لاهوور شێخ جەنگی زۆرترین چانسی هەیە ببێتە سەرۆکی حیزب، چونکە لە کۆنگرەشدا زۆرترین دەنگی هێناوە، بەڵام ئەگەر بە تەوافوق دابنرێ، ئەوە شتێکی دیکەیە".