رێکخراوێکی پاراستنی ژینگە: پڵنگەکە پێویستی بەوەیە 15-30 رۆژ لەژێر چاودێریی پزیشکی بێت

 
رووداو - زاخۆ

پڵنگێکی تەمەن سێ ساڵ لە سنووری ئیدارەی زاخۆ گیرا، کە دوو رۆژ بوو تیمێک بەدوایدا دەگەڕان، ئەوەش دوای ئەوەی بوو بە تەڵەوە و یەکێک لە پەلەکانی زیانی بەرکەوت. دواتریش لە قەفەسێکدا بۆ باخچەی ئاژەڵانی دهۆک گواسترایەوە.
 
د. سلێمان تەمەر، بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت، "[پڵنگەکە] خوێنی زۆری لەبەر رۆشتووە، پێویستی بەوەیە 15 بۆ 30 رۆژ لەژێر چاودێریی پزیشکیی ڤێتێرنەریدا بێت"، بە گوتەی بەرپرسی ئەو رێکخراوە، پڵنگەکە یەکێک لە پەلەکانی لەدەستداوە.
 
پڵنگەکە لە رەگەزی مێیە و لەلایەن پێشمەرگەی لیوای چوار و پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە و ژینگەپارێزانەوە گیراوە.
 
جەمال سەعدۆ کۆرکی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک دەڵێت، یەکێک لە پەلەکانی پڵنگەکە کە زیانی بەرکەوتووە دەبڕدرێتەوە و چارەسەری بۆ دەکرێت، "رۆژانە چاودێریی دەکەین، ئەگەر چاکبووەوە، جارێکی دیکە ئازادی دەکەینەوە".
 
دوای ئەوەی 28 سەر بزنی خواجە یەحیا، موختاری گوندی زرێزە دیارنامێنن، موختارەکە تەڵە دادەنێتەوە، لە 28-12-2021 پڵنگەکە دەکەوێتە تەڵەکەوە و رۆژێک دواتر بەشێک لە خەڵک هەوڵی گرتنی دەدەن، بەڵام پڵنگەکە دوو کەسیان لێ بریندار دەکات، ئێستاش رەوشی تەندروستییان باشە.
 
ئەمە هەشتەمین پڵنگە لە هەرێمی کوردستان دەبیندرێت، بەپێی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە، ناسراوە بە "پڵنگی کوردستان".