خدر بێگەڵاسی: گەیاندنی کارەبا بۆ بێگەڵاس لەسەر داوا و هەوڵی من بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
کارەبای نیشتیمانی گەیێنرایە گوندی بێگەڵاسی ناحیەی هەڵشۆی دەڤەری راپەڕین، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت: پیاوماقوڵ و موختار و دانیشتووانی گوندەکە داوای کارەبایان کرد، ئێمەش پشتیوانیمان کردن و بۆمان راکێشان". خدر بێگەڵاسی، هونەرمەندی میللییش دەڵێت: "منیش داوای کارەبام کرد و ئیمزام بۆ کرد، کە کارەبا رابکێشرێت و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم".
 
بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی هەڵشۆ لە ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-12-2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی کانوونی دووەمی 2022، کارەبا گوندی بێگەڵاس رووناکدەکاتەوە، ماوەی مانگێک زیاترە کار لەسەر گەیاندنی کارەبای نیشتیمانی بۆ گوندی بێگەڵاس دەکرێت و ئیدی دوای 30 ساڵ گوندی بێگەڵاس کارەبای نیشتیمانی دەگاتێ".
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی هەڵشۆ  ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی گوندەکە لە ساڵانی رابردوودا بە تەواوی ئاوەداننەکرابووەوە و خەڵکی هەر چوار وەرزی ساڵ تێیدا نەدەمانەوە، بۆیە کارەبای نیشتیمانیان نەبوو، بەڵام نزیکەی ساڵێک دەبێت خەڵکی بۆ گەڕاوەتەوە و هەر چوار وەرزەکە خەڵکی تێدایە، بۆیە پیاوماقوڵان و موختار و دانیشتووانی گوندەکە داوایان بەرزکردەوە و ئێمەش پشتیوانیمانکردن و داوامانکرد کارەبایان بۆ رابکێشرێت".
 
لە بەرامبەر گەیاندنی کارەبا بۆ گوندەکەیان، هونەرمەندی میللیی خدر بێگەڵاسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-12-2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی کارەبای گەیاندووەتە گوندی بێگەڵاس، زۆر پێخۆشحاڵم بەو دەستکەوتە کە بە جوانترین شێوە گوندەکەم ئاوەداندەکرێتەوە".
 
خدر بێگەڵاسی گوتیشی: "من زۆر هەوڵمداوە کارەبا بۆ گوندەکەم دابینبکەم و زۆر جار هەوڵی خۆم خستووەتەگەڕ و ئەوەشی ئێستا دەکرێت، ئەو کارەبا گەیاندنە لەسەر داوا و هەوڵی من بووە، بە ئیمزای منیش بووە، پیاوماقوڵانی ناوچەکە و گوندەکەش رۆڵیان هەبووە و سوپاسی هەموویان دەکەم".
 
گوندی بێگەڵاس یەکێکە لەگوندەکانی ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕینی پارێزگای سلێمانی، گوندی بێگەڵاس نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزیوە دوورە.
 
بەهۆی خدر بێگەڵاسییەوە، گوندەکە ناوبانگی زیاتر بووە، خدر بێگەڵاسی لە گۆرانیگوتن و دەرکەوتنیدا ستایلی تایبەت بە خۆی هەیە، ڤیدیۆی گۆرانی و قسەکانی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە و بینەری زۆریان هەیە.