مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە شۆڕش ئیسماعیل دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن سەرەخۆشی لە وەزیری پێشمەرگە دەکات، بە بۆنەی کۆچی دوایی حەلاوە ئیسماعیل عەبدوڵڵای خوشکییەوە.
رۆژی شەممە، 30-12-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەلەفۆن لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە قسەی کردووە و هاوخەمی خۆی پێگەیاندووە بۆ کۆچی دوایی خوشکی.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکەدا "هیوای خواست، خودای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت."
لە پرسەنامەکەی حکومەتدا هاتووە کە وەزیری پێشمەرگە، "بە ناوی خۆی و بنەماڵەکەیەوە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندی و هاوخەمیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە."
پرسەنامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەداخ و خەمێکی زۆرەوە کۆچی دوایی خاتوو حەلاوە ئیسماعیل عەبدوڵڵا، خوشکی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رادەگەیێنین."
وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، "بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرخۆشی لە خۆمان و لە وەزیری پێشمەرگە و کەس و کاری کۆچکردوو دەکەین، لە یەزدانی مەزن داواکارین سەبر و ئارامی بە ئێمە و ماڵبات و کەس و کاری ببەخشێت."