پارێزگاری هەولێر: دەبێ ئاڵای کوردستان بۆ وێنەی پێشانگەی بەرهەمەکانی سووریا زیادبکرێ
رووداو- هەولێر
بڕیارە مانگی داهاتوو پێشانگەیەکی کاڵا و بەرهەمی سووریا لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. دامەزراوەی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بۆ پێشەنگە و بازاڕی نێودەوڵەتی داوای بەشداری کۆمپانیا و خاوەن کارەکانی وڵاتەکەی لە پێشانگەکەدا دەکات. دامەزراوەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ریکلام بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەکەدا دەکات، بەڵام ئاڵای کوردستان لە وێنەکەدا نابینرێ. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، دەبێ وێنەی ئاڵای کوردستان لە وێنەکەدا زیادبکرێ.
دامەزراوەی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بۆ پێشەنگە و بازاڕی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ سێشەممە 30-12-2025 نووسین و وێنەیەکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، بانگهێشتی هەر لایەک دەکەن بۆ بەشداریکردن لە گەورەترین پێشانگای نیشتمانیی بەرهەمەکانی سووریا.
لە نووسینەکەدا هاتووە، پێشانگەکە بە چاودێریی ژوورەکانی پیشەسازیی دیمەشق و حەلەب لە شاری هەولێر لە رۆژانی 23 تاوەکو 26ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2026 بەڕێوەدەچێ.
لەگەڵ نووسینەکەدا وێنەیەک دانراوە کە قەڵای هەولێرە و دوو ئاڵای گەورەی سووریا و عێراق بەسەر قەڵای هەولێردا هاتوونەتە خوارەوە و ئەوەش نیگەرانی لای بەشێکی هاونیشتمانییان دروستکردووە کە بۆچی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە وێنەکەدا نابینرێ.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگە نادەن ئاڵای کوردستان لەسەر ئەو وێنەیە نەبێ.
محەممەد شوکری گوتی، قسەیان لەگەڵ دەکەن و دەبێ ئاڵای کوردستان زیاد بکەن.
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، بە هیچ جۆرێک رێگە نادەن وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر ئەو وێنەیە نەبێ و دەبێ ئاڵای کوردستان زیادبکرێ.