نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە ئەرکە نوێیەکەیاندا. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ هەیبەت حەلبووسی دەڵێت، "هەڵبژاردنی بەڕێزیان بۆ ئەم پۆستە باڵایە و متمانەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە بەڕێزیان، بەرپرسیاریێتییەکی نیشتمانیی گەورە دەخاتە ئەستۆیان لە قۆناخێکی هەستیاری مێژووی وڵاتدا."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئومێدەوارە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی، ببێتە مایەی "پتەوکردنی کاری پەرلەمانیی بنیاتنەر و پاراستنی دەستوور و چەسپاندنی گیانی پێکەوەیی و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەن و پێکهاتە عێراقییەکاندا."
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بکات و سەقامگیری و تەبایی نێوان هەمووان بەهێزتر بکات.
 
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: "هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزیان، هەروەها بۆ سەرجەم ئەندامانی بەڕێزی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بەردەوامیی خزمەتکردن بە گەل و وڵات دەخوازین."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە عەدنان فەیحانیش کرد بۆ هەڵبژاردنی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و رایگەیاند، "هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌م ئه‌ركه‌ نوێيه‌دا بۆ ده‌خوازم".
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە بەڕێزیان، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکی گرنگ دەخاتە ئەستۆی؛ بۆ ئەوەی له‌ دەستەی سەرۆکایەتيدا رۆڵێکی کارا له‌ بەهێزکردنی رۆڵی یاسادانان و چاودێریی ئەنجوومەندا ببینێت".
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "هیواخوازین بەڕێزیان رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە دروستکردنی هەماهەنگی و لێکگەیشتنی زیاتر لەنێوان فراکسیۆن و هێزە سیاسییەکاندا و يارمه‌تيده‌ر بێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونى سه‌ركه‌وتووانه‌ى كاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له‌ عێراقی فيدراڵ".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کرد، گوتی، "هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".
 
باسی لەوەش کرد، "هیوادارین بەڕێزیان به‌ باشترين شێوه‌ رۆڵ و ئه‌ركى خۆيان له‌ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی یاساداناندا ببينن بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت".
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "چاوەڕوانین بوونی بەڕێزیان لەو پێگه‌يه‌دا، هاندەرێک بێت بۆ پتەوکردنی گیانی هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەنێوان فراکسیۆنە جیاوازەکاندا و سه‌رخستنى كارى په‌رله‌مانى".