مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هیوای خواست پەرلەمان رۆڵی کارا لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بگێڕێت.
مەسرور بارزانی، هەروەها پیرۆزبایی لە جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش دەکات و جەخت لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی هەر یەک لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کرد.
لە پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە: "بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان لەم ئەرک و بەرپرسیارییە گرنگەدا بۆ دەخوازم".
دەشڵێت، "هیوادارم ئەندامانی خولی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە ئاست چاوەڕوانی و خواستی خەڵکی عێراقدا بن و نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن و بتوانن پڕۆژەیاسای پێویست و گرنگ لە بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکان پەسەند بکەن".
باسی لەوەش کردووە: "هەروەها ئومێدەوارین ئەنجوومەنی نوێنەران وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، رۆڵی کارای خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بگێڕێت."
هەروەها مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بۆ عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە: "بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم هیوای سەرکەوتنتان لەم بەرپرسیاریەتییە گرنگەدا بۆ دەخوازم".
دەشڵێت، "ئومێدەوارین دەستەی سەرۆکایەتی و ئەنجوومەنی نوێنەران بە گشتی، رۆڵی گرنگی خۆیان لە بواری یاسادانان و دەرکردنی پڕۆژەیاساکان لە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدا لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیدا ببینن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کردووە و دەڵێت، "بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و ئومێدی سەرکەوتنتان لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ دەخوازم".
باسی لەوەش کردووە، "هیوادارم بەڕێزتان بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بتوانن خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بکەن و لە هەمان کاتدا، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانیش بکەن."