ئیدریس بارزانی چۆن لە هەوڵێکی "تیرۆرکردن لە بەغدا" رزگاربوو؟
رووداو-هەولێر
بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، رووداوی هەوڵی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانی لە بەغدا دەگێڕێتەوە و، دەڵێ لە شەقامێکی بەغدا دەستڕێژی گوللەی لێکراوە بەڵام لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی نەبووە.
لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، بابەکر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق، باسی هەوڵێکی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانی لە بەغدا دەکات و گوتی: "ئیدریس بارزانی هاتبووە بەغدا و لە هۆتێل ئێکسسیور مابووەوە، چوومە لای و پێمگوتن بۆ هاتوونەتە ئێرە؟ فەرمووی بۆ؟ گوتم لە هۆتێلەکەی ئەوبەری شەقامەکە فەرماندەی پێگەی بەغدای لێیە و کەسانی خراپیشی لێ کۆدەبێتەوە لە کوردەکان، گوتم رەنگە خودا نەکات لەو رێگایە کردەیەک ئەنجام بدرێت. ئەویش گوتی لق فەرمانی کردووەو ئێمەی هێناوەتە ئێرە و ئێمەشی لە دڵی خۆی شاردووەتەوە".
سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتی: "بەڵام ئەو خۆی پاراست ئەگەرچی دەستڕێژی لە ئۆتۆمبێلەکەی کرا، بەڵام ئەو لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا نەبوو، چونکە بارزانی مەزن فەرمانی پێکردبوو بگەڕێتەوە، کارێکی تایبەتی هەبوو، بەڵام برادەرەکانی مابوونەوە میوانی وەزیرێک بوون، کاتێک چوون ئەوانیان کوشت".
لەبارەی دۆخی ئەوکاتی حکومەتی عێراق لەدوای رووداوەکە، بابەکر زێباری گوتی: "حکومەت ئاگای لەو رووداوە بوو، چونکە من ئێشکگربووم لە وەزارەتی بەرگری برووسکە هات و گوتیان داخڵی ئینزاری دەرجە جیم ببن، چونکە کوڕی بارزانی تیرۆر کراوە، گوایە جەنابیان شەهید کراوە. ئێمەش پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی بەغدا کرد، کە ئەوکات حوسێن حەجی بامەرنی بوو، گوتی ئەو ئێستا لە حاجی ئۆمەرانە و سەلامەتە".
وردەکاریی چۆنیەتی هەوڵی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانی و رزگاربوونی لەو رووداوە
لە رۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی 1970 بۆ بەدواداچوون و تاوتوێكردنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 و بەتایبەتی چارەنووسی پێشمەرگە و پێكهێنانی هێزی زێرەڤانانی سنوور حرس الحدود لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول، ئیدریس بارزانی چووە بەغدا و چاوی بە ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆككۆماری ئەوسای عێراق و سەدام حوسێن كە ئەوكات جێگری سەرۆك كۆمار بوو دەکەوێت.
لەو دەمەدا شێخ بابۆ مامی مەسعود و ئیدریس بارزانی لە سەردانێكدابوو لە ماڵی مەلا مستەفا بارزانی لە حاجی ئۆمەران، شێخ بابۆ چاوەڕوانی گەڕانەوەی كاك ئیدریسی دەكرد بۆ ئەوەی لە حاجی ئۆمەرانەوە بەیەكەوە بگەڕێنەوە بارزان. لە رۆژی 6ی كانوونی یەكەم شێخ بابۆ لە مسعود بارزانی دەپرسێ: "دەتوانی بزانی كەی ئیدریس دەگەڕێتەوە؟!، ئەگەر لە ماوەی سێ رۆژدا بگەڕێتەوە ئەوا من چاوەڕوانی دەكەم و ئەگەر زیاتر دەمێنێتەوە، ئەوا من بەتەنیا دەگەڕێمەوە بارزان".
مەسعود بارزانی بۆ دەستكەوتنی كاتی گەڕانەوەی ئیدریس بارزانی، پەیوەندی بە شێخ رەزا گوڵانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەوكاتی هەوڵیر دەکات و پێی گوت: “هەوڵبدە تەلەفۆن لەگەڵ كاك ئیدریس بكەو پێی بڵێ مام بەپەلەیە بگەڕێتەوە بارزان".
بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر شێخ رەزا گوڵانی وا تێگەیشت كە مەسعود بارزانی زۆر بەپێویستی دەزانێ ئیدریس بارزانی هەر ئێستا بگەڕێتەوە، و ئەوەی بە ئیدریس بارزانی راگەیاندووە. لەو كاتەدا، ئۆتۆمبێلەكەی نێردرابووە میكانیكی بۆ چاككردنەوەی هەندێك كەموكوڕی. بۆیە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئۆتۆمبێلەكەی نەكردووە و هەرزوو ئۆتۆمبێلێكی بەكرێ گرتووە و دەمودەست گەڕاوەتەوە هەولێر بێ ئەوەی كەس پێی بزانێ.
ئێوارەی هەمان رۆژ 6ی كانوونی یەكەمی 1970ئۆتۆمبێلە مارسیدسەكە لە میكانیكی گەڕایەوە و حەمید بەرواری و محەممەد عەزیز كە یاوەری ئیدریس بارزانی بوون ئۆتۆمبێلەكەی ئیدریس بارزانییان وەرگرتووەتەوە و پێی دەرچوون بۆ نانخواردنی ئێوارە.
لە هەمان كاتدا نازم گزار بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی عێراق پلانی "تیڕۆركردنی" ئیدریس بارزانییان ئامادە كردبوو، لەچەند شوێنێكی دیاریكراو بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلەكەی ئیدریس بارزانی نایەوە. لە كاژێر 10:00ی شەو ئۆتۆمبێلەكەی ئیدریس بارزانی دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و پێیانوابوو كە حەمید بەرواری، ئیدریس بارزانییە لەبەر ئەوەی هەردووكیان هەندێك لەیەكتر دەچوون، لە ئەنجامی گوللە بارانەكە، ئۆتۆمبێلەكەی ئیدریس بارزانی زیاتر لە 05 گوللەی بەركەوت و حەمید بەرواری بەسەختی بریندار بوو، بەڵام محەمەد عەزیز و حەسەن كاوانی كە ئۆتۆمبێلەكەی لێدەخوڕی هەردووكیان بێ زیان بوون و حەسەن كاوانی توانی ئۆتۆمبێلەكە بەناو بۆسەكەدا لێخورێ تاوەكو لە بۆسەكە دووركەوتنەوە.