چەمی چەقانی سەید سادق بۆ دروستکردنی خانوو پڕدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە سەید سادق چەمی چەقان پڕ دەکرێتەوە و دەیانەوێت بیکەنە زەوی و خانووی لەسەر بکەنەوە. ئەوەش نیگەرانیی دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک چەمەکەی لێکەوتووەتەوە. قایمقامی شارەکەش دەڵێت، رێگە نادرێت و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
 
چەمی چەقان بە ناوەڕاستی قەزای سەید سادق تێپەڕ دەبێت و ئەو شارە دەكاتە دوو بەشەوە، ساڵانە و لە وەرزی باران رێڕەوێکە بۆ باراناوی شارەکە. بەڵام پڕکردنەوەی و دروستکردنی خانوو لەسەر چەمەکە خەریکە دەبێتە دیاردە و مەترسیی لەسەر نەمانی چەمەکە بەتەواوی دروستکردووە.
 
سەربەست مەحموود سەعید دانیشتووی گەڕەکی بەرکێوی سەید سادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " لە چەند شوێنێکی چەمەکە بەتایبەت لە نزیک سێ بۆری، دەستکراوە بە پڕکردنەوەی چەمی چەقان بە مەبەستی دروستکردنی خانوو، ئێستا لەو شوێنە سێ خانوو دروستکراون".
 
بەگوتەی سەربەست مەحموود، چەندجارێک شارەوانی ئاگادارکراوەتەوە بەڵام وەک ئەو دەڵێت رێکاری پێویست بۆ رێگریی لەو دیاردەیە نەگیراوەتەبەر. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، لە کاتی بارانباریندا مەترسی هەیە بەری ئاوی چەمەکە بگیردرێت و رێڕەوەکەی بگۆڕدرێت و ئاوەکە زیان بە خانووی دانیشتووانی قەراخ چەمەکە بگەیەنێت.
 

دیاری رەفیق قایمقامی قەزای سەید سادق لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر چەند حاڵەتێک هەبوون و رێکاری یاساییان لەبەرامبەر گیراونەتەبەر، ئەگەر حاڵەتی نوێ هەبووبێت ئاگادار نین، بەدڵنیاییەوە ئێستا شارەوانی لێ ئاگادار دەکەینەوە و رێگەنادەین کەس ئەوکارە بکات. هەر خانوویەکیش بە زێدەڕۆیی دروستکرابێت دەڕووخێندرێت و سەرپێچیکارانیش سزادەدرێن".
 
لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 لەدوای خۆپێشاندانەكانی دانیشتووانی سەید سادق و داواكاری ئەوان بۆ خزمەتگوزاری زیاتر و بەڵێنی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانییان، قایمقام و سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە گۆڕدران و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شوێنی قایمقامی پێشوو كاندیدێكی خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاریكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش، كادرێكی خۆی كردە سەرۆكی شارەوانیی سەید سادق. نەبەرد حەسەن، لە 18-06-2015 وەک سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق دەستبەکار بوو.
 
بەڵام لە 23-12-2020 نەبەرد حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی سەید سادق دەستی لەکارکێشایەوە و  هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی بۆ "نەبوونی پرۆژەی نوێ" و تەواونەکردنی پرۆژە وەستاوەکان و تەواوبوونی ماوەی یاسایی خۆی لە پۆستەکە گەڕاندەوە.
 
قەزای سەید سادق نزیكەی 130 هەزار دانیشتووی هەیە ‌و بە دووری 58 ‏كیلۆمەتر كەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی شاری سلێمانییەوە. یەك ناحیە ‏سەر بەو قەزایەیە ئەویش ناحیەی بەرزنجەیە.