یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان: پلە بەرزکردنەوە دەستپێنەکاتەوە بایکۆتی دەوام دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان دەکات دەست بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان هەڕەشەی خۆپیشاندان و بایکۆتی دەوام دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2022، جەزا محەممەد، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و حکومەت کردووە پلەبەرزبەرکردنەوەی فەرمانبەران، کە لەساڵی 2014ەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە راگیراوە بگەڕێنرێتەوە، چونکە هەموو فەرمانبەران زیاتر لە جارێک مافی خۆیانە پلەی بەرزبکرێتەوە. تائێستا بەپاساوی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە پلە بەرزکردنەوە راگیرابوو، دەبێت دەستپێبکاتەوە و ئەوە مافێکی سەرەتایی فەرمانبەرانە دەبێت حکومەت پێوەی پابەندبێت".
جەزا محەممەد، گوتیشی: "ماوەیەک دەدەینە حکومەت بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکەمان بداتەوە، بەتایبەت ئێستا دیارە، کە دۆخی دارایی حکومەت زۆر باشە، ئەگەر وەڵامی نەداینەوە دەست بەخۆپیشاندان و بایکۆتکردنی دەوام دەکەین، ئێستا مامۆستایان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کردووە و ئێمەش دەچێنە پاڵیان ئەگەر حکومەت داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات".
رۆژی یەکشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2022، سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان یاداشتێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد، تێیدا داوایکرد حکومەت دەستبکاتەوە بەبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەران.
یەکێتی فەرمانبەرانی کوردستان لە یاداشتەکەیاندا دەڵێن: "پێشتر رەچاوی دۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کردبوو، بەڵام ئێستا دۆخی دارایی حکومەت باشترە و دەبێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە".