بەفر قوتابخانەی هەندێ لە شارەکانی پارێزگای سنەی داخست
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما لە پارێزگای سنە، قوتابخانەی هەندێ لە شار و ناوچەکانی ئەم پارێزگایە ئەمڕۆ داخران، بەڵام پەروەردە رایگەیاندووە، خوێندن لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەردەوام دەبێت.
لە شاری بیجاڕ لە پارێزگای سنە بە سەرنجدان بە کڕێوە، دابەزینی پلەی گەرما و داخرانی رێگاکان بەهۆی بەفرەوە، قایمقامیەت بڕیاریداوە ئەمڕۆ چوارشەممە هەموو قوتابخانەکانی قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن دابخرێن.
لە شاری دیواندەرەش پەروەردە رایگەیاندووە، لەبەر بارینی بەفر، بەهۆی سەرما و سۆڵەوە هەموو قوتابخانەکانی گوندەکانی ئەم پارێزگایە دادەخرێن و قوتابییەکان لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەخوێنن.
لە نێو شاری دیواندەرەش قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایان درەنگتر لە کاتی ئاسایی دەکرێنەوە.
قایمقامیەتی شاری دێولانیش رایگەیاندووە، بەفری زۆر باریوە و رێگاکانی داخستووە و هەواش ساردە، بۆیە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکانی گوندەکان لە کاتی بەیانیدا دادەخرێن.
لە شاری بانە لەسەر پێشنیازی پەروەردە و بە بڕیاری قایمقامیەت، لەبەر بارینی بەفر و سەرما لە شار و گوندەکان، قوتابخانەکان لە کاتی بەیانیدا دادەخرێن.