خەسرەو گۆران: بەگشتی کورد وەکو جاران ناتوانێت کورسی بەدەستبێنێت

رووداو - هەولێر

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی پێیوایە، لەدوای هاتنی داعش و کاولکردنی شنگال و ئاوارەبوون و کۆچکردنی دەیان هەزار کوردی ئێزدی، دواتر هاتنی حەشد و دووبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی زوممار و ئەو ناوچانە، بەگشتی رەنگە کورد وەکو جاران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەتوانێت کورسی بەدەستبێنێت. 

سەبارەت بەو دەنگۆیانەش کە باسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، خەسرەو گۆران رایگەیاند: "بەرپرسانی عێراق چەند رۆژێک پێش ئێستا هاتبوونە هەولێر و سەبارەت بە پرسی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم  لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە کۆبوونەوە، بەڵام ئەنجام چی دەبێت؟ ئایا بەمزووانە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە یان نا؟ جارێ دیارنییە".

خەسرەو گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئەو ژمارانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردوونەتەوە، کە گوایە لەسەر ئاستی عێراق 216 کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە، رایگەیاند: "دیارنییە تاوەکو ئێستا چەند کاندید رەتکراونەتەوە، بەڵام 10 کاندیدی ئێمە کێشەیان هەبوو".

خەسرەو گۆران دەڵێ: "هەندێک لە کاندیدەکان کێشەی لێکچوونی ناویان هەبوو لەگەڵ خەڵکێکی دیکە کە لەڕووی یاساییەوە بۆیان نییە خۆیان کاندید بکەن، کێشەی ئەوان چارەسەرکراوە. کێشەی هەندێکی دیکە دەبێت ئەمڕۆ شەممە یەکلایی ببێتەوە، بە بڕوای من یەکێک ئاگادارکراوەتەوە کە نابێت خۆی هەڵبژێرێت، ئەویش وا لەگەڵ بەغدا خەریکە کێشەکەی چارەسەر بکات، زۆرترینی ئەوانەی کێشەیان هەبووە، کاندیدانی پارێزگای نەینەوا بوونە".

لەبارەی لەدەستدانی ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و، کورسییەکانی پارتی لەو ناوچانە، خەسرۆ گوران رایگەیاند: "جارێ ئێمە لە پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەدین بەشداری هەڵبژاردن ناکەین، دوای ئەو کاولکارییەی لە خورماتوو کرا، دوای ئەو ناحەقییەی بەرامبەر خەڵکی کەرکووک کرا و ئەو شارە داگیرکرا، بەڵام لە پارێزگاکانی وەکو دیالە و نەینەوا بەشداری دەکەین، باوەڕیش ناکەم پارتی پشکی شێری لە کەمبوونەوەی کورسییەکانی لەو ناوچانە بەربکەوێت".

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی راشیگەیاند: "لە رابردوودا بەگشتی لە پارێزگای نەینەوا پارتی 8 کورسی هەبووە، بەڵام لەدوای هاتنی داعش و کاولکردنی شنگال و ئاوارەبوون و کۆچکردنی دەیان هەزار کوردی ئێزدی، دواتر هاتنی حەشد و دووبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی زوومار و ئەو ناوچانە، بێگومان کاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگدان دەبێت، بەگشتی لەبەر چەندین هۆکار کورد رەنگە وەکو جاران نەتوانێت کورسی بەدەستبهێنێت، لەوانە ئەو ناوچانە داگیرکراون، هاوکات پێشمەرگە و ئیدارەی کورد لەو ناوچانە نین، بۆیە پێدەچێت وەکو پێویست ئەمجارە پێشوازی لە هەڵبژاردنەکان نەکرێت، هەرچەندە ئومێد دەکەین خەڵکی ئێمە تەحەدای ئەو دۆخە بکات و جارێکی دیکە بە گڕوتینەوە بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆئەوەی رێژە و پێگەی کورد لەو ناوچانە لەق نەبێت".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەش کە باسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، خەسرۆ گۆران گوتی: "ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆن باسی هاوئاهەنگیمان کردووە، لە ئێمەیان پرسیوە پێشووتر هاوئاهەنگی ئەمنی لەو ناوچانە چۆن بووە؟ ئێمە گوتوومانە لە 2005 وە تاوەکو پێش 16ی ئۆکتۆبەر، پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی ئەو ناوچانە و سندووقەکانی دەنگدان و دەنگدەرانیان پاراستوون، بەوشێوەیە دڵنیاییان داوەتە هەموو لایەک، بەڵام ئێستا کە ئێمە لەوێ نەبین، بێگومان کاریگەری لەسەر دەروونی خەڵکی ئەو ناوچانە دەبێت، بەڵێ بەرپرسانی عێراق جەند رۆژێک پێش ئێستا هاتبوون، سەبارەت بە پرسی دەنگدان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکیان کرد، بەڵام ئەنجام چی دەبێت، ئایا بەمزووانە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە یان نا؟ جارێ دیار نییە".

رۆژی هەینیش 30-3-2018 لە پاریس، لەکاتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی (کوردستان دوای داعش) د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئاماژەدان بەو دۆخەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروستبووە و لایەنە کوردییەکان وەکو هەڵبژاردنەکانی پێشوو چالاکییان نییە، رایگەیاند لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کورد نزیکەی 10 کورسی لەدەستدەدات.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح