لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و نۆی دیکەش برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی قامووشانی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، دوو ئۆتۆمبیل پێکیاندادا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و نۆی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 31-5-2023 لە رێگەی چەماوەیی شارۆچکەکە لە گەڕەکی یاماچتەپە روویدا. لە ئەنجامدا یەکێک لە ئۆتۆمبیلەکان گڕی گرت و کەسێک لە نێویدا گیانی لەدەستدا؛ هەروەها 9 کەس لە نێو هەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا بریندار بوون. بریندارەکان گەیێنرانە نەخۆشخانە و تەرمی ئەو کەسەی گیانی لەدەستدا بۆ دادپزیشکی گوێزرایەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 روویداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ هەزار و 919 لەو رووداوانە گیانلەدەستدانی تێدا بووە؛ هەروەها لە 195 هەزار و 11 رووداودا برینداربوون تۆمارکراوە. لەو رووداوانەی هاتووچۆدا 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش برینداربوون.