دەمیرتاش: لەم قۆناخەدا واز لە چالاکیی سیاسی دەهێنم

رووداو دیجیتاڵ 

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، لەم قۆناخەدا واز لە چالاکیی سیاسی دەهێنێت، هەروەها هەوڵدەدات سوود لەو رەخنانە وەربگرێت کە ئاراستەی دەکرێن. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ رۆژنامەی ئارتی گەرچەکی تورکی هەڤپەیڤینی کردووە کە بڕیارە سبەی بڵاوببێتەوە، بەڵام لە تویتەری خۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 31-5-2023) دوو بەشی لە هەڤپەیڤینەکە بڵاوکردەوە.
 
دەمیرتاش دەڵێت "من، بەناوی خۆمەوە، لەبەرئەوەی نەمانتوانی سیاسەتێک بکەین کە شایستە بە خەڵکی خۆمان بێت، لە ناخەوە داوای لێبووردن دەکەم. بەڵێن دەدەم، بە هەوڵە کردارییەکانی خۆم ئەم کەموکوڕییە پڕبکەمەوە".
 
لە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەری 2016، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی ئەوکاتی هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتر و هەشت پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە، دەستگیرکران و دەمیرتاش تاوەکو ئێستا لە زیندانە.
 
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد "سوپاسی هەموو ئەو رەخنانە دەکەم کە بونیادنەرن و ئاراستەم کراون، هەوڵدەدەم سوود لەو رەخنانە وەربگرم، وەکو هەموو هاوڕێکانم لە گرتووخانەوە کە بەردەوامم لە خەبات، لەم قۆناخەدا واز لە چالاکیی سیاسی دەهێنم".
 
سەلاحەدین دەمیرتاش لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: بەهیوای دیدار لە رۆژانی ئازادیدا. 
 
لە هەڵبژاردنی گشتیی تورکیا کە 14ـی ئایار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆمار دەستیپێکرد، هەدەپە بەناوی یەسەپە بەشداریکرد. یەسەپە بووە سەرپەرشتیاری هاوپەیمانیێتییەک بەناوی رەنج و ئازادی کە لە حەوت پارت و فیدراسیۆن پێکهاتبوو. 
 
دەمیرتاش هەر ئەمڕۆ لە تویتێکدا رایگەیاند رەخنەی زۆری لە هەدەپە هەیە.
 
ئەم گوتانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەکاتێکدان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ هەدەپە دڵخۆشکەر نەبوون، چونکە بەگشتی دەنگەکانی کەمی کرد و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیاندا نەبوو.
 
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرپەرشتیی یەسەپە (هەدەپە) پێش هەڵبژاردن بەڵێنی بە دەنگدەرانی دابوو، 100 کورسیی پەرلەمانی تورکیا مسۆگەر بکات، بەڵام تەنیا 61 کورسی پەرلەمانیی بەدەستهێنا.