بەم زووانە یەکەم یاریی ئەلیکترۆنیی کوردی بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی کوردی لە باکووری کوردستان هەڵساوە بە ئامادەکردنی پرۆژەیەکی گەورە بە ناوی بێژان (Bêjan) بۆ هاندانی منداڵانی کورد کە خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن و زیاتر بە کولتووری کوردەواری ئاشنابن. پرۆژەکە پێکدێت لە فیلم کارتۆن و پەرتووکی فێرکاری و یاری منداڵان. هەروەها بۆ یەکەم جار یاری ئەلیکترۆنی بە زمانی کوردی ئامادە دەکرێت. پرۆژەکە بە شێوەیەک ئامادەکراوە کە یارمەتیی خەڵکی بیانیش بدات خۆیان فێری کوردی بکەن.
ئەم پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ئەرکام سۆفت (Erkam Soft)ــەوە ئامادە دەکرێت کە خاوەنەکەی کوردە و ناوی بەهمەن دۆغووە، زۆربەی کارمەندەکانیشی کوردن. ئۆفیسی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری باتمانە، بەڵام زۆربەی کارەکانی لە ئامەد بەڕێوەدەبات. کۆمپانیاکە ساڵی رابردوو دامەزراوە، بەڵام ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە مۆڵەتی کارکردنی پێ درا.
بڕیار وایە لە 23ـی مانگی داهاتوو پرۆژەکە لە ئامەد رابگەیێندرێت و دواتریش لە هەریەک لە شارەکانی ئیستەنبووڵ و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پرۆژەکە بە خەڵک بناسێندرێت. ئێستا بابەتەکان بە زاراوەی کورمانجین و وەرگێڕانی تورکی و ئینگلیزیان بۆ کراوە، بەڵام لە بەرنامەیاندایە بابەتەکان بە زاراوەی سۆرانیش بڵاوبکەنەوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەرکام سۆفت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم هەنگاوی پرۆژەکە بریتییە لە ئامادەکردنی فیلم کارتۆنی بێژان کە لە چەند کارەکتەرێک پێکدێت و کچێکی هەشت ساڵان بە ناوی بێژان کارەکتەری سەرەکی فیلم کارتۆنەکە و گشت پرۆژەکەیە. بێژان خەڵکی شاری باتمانی باکوری کوردستانە. کارەکتەرێکی تریش بریتییە لە شەهماران کە دەفڕێت و گەشت بە بێژان و هاوڕێکانی دەکات بەنێو سەدە جیاوازەکانی رابردوودا. هەموو کارەکتەرەکان و شوێنەکان گوزارشت لە کولتووری کوردی و ناوچەکانی کوردستانی گەورە دەکەن.
بەهمەن دۆغو ئەوەشی گوت، "لەناو فیلم کارتۆنەکەدا گوێت لە گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی دەبێت و چیرۆکەکانیش کوردین. هەروەها ئاشنای چەندین شوێنەواری کوردستان دەبیت".
فیلم کارتۆنەکە بەشێوەیەکی سەرەکی بە زمانی کوردییە، بەڵام وەرگێڕانی تورکی و ئینگلیزیشیان بۆ کراوە. بەوەش کەسانی بیانی دەتوانن ئاشنای زمان و کولتووری کوردی بن. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت: "فیلم کارتۆنەکە بریتییە لە پردێک لەنێوان منداڵانی کورد و منداڵانی بیانی. بۆ نموونە کەسێکی خەڵکی بەرازیل یان ئینگلیزێک چێژ لە تەماشاکردنی وەردەگرێت".
یەکێک لەو شوێنە مێژووییانەی لەناو فیلم کارتۆنەکەدا پێشاندەدرێت، بریتییە لە قەڵای هەولێر. ئێستا بەشێکی زۆری فیلم کارتۆنەکە تەواو بووە، کاتێکیش هەمووی تەواو بوو، کۆمپانیاکە دەست بە بەشەکانی دیکەی دەکات.
یەکێکی دیکە لە بەشەکانی پرۆژەکە بریتییە یاری ئەلیکترۆنیی بێژان (Bêjan). یارییەکە دەبێتە یەکەم یاری ئەلیکترۆنیی کوردی و لەسەر هەردوو سیستەمی IOS و Android کاردەکات. ئەو بەڕێوەبەرە بە رووداوی راگەیاند، یارییەکە بە خوڕاییە، بەڵام چەند کۆنسێپتێکی بە پارەیە. ئەو پێی وایە، یارییەکە بە شێوەیەکە کە منداڵان دەتوانن هەم چێژی لێ وەرگرن هەم فێری زمانی کوردی بن بە تایبەتی ئەلفوبێی کوردی.
بەشی سێیەمی پرۆژەکە بریتییە لە چاپکردنی 20 پەرتووکی فێرکاری منداڵان کە یارمەتی منداڵانی کورد و بیانی دەدەن بە ئاسانی فێری زمانی کوردی بن. لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ پەرتووکەکان بڵاودەکرێنەوە و دواتر بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەخرێنە بەردەست بۆ فرۆشتن.
کاتێک کە پرۆژەکە سەرکەوتووبوو و جێی خۆی کردەوە لەناو منداڵاندا، ئەوا دەست دەکرێت بە دروستکردنی یاری دەستیی منداڵان و بوکەشوشە و ئێکسسوارات لە شێوەی کارەکتەرەکان و بابەتەکانی ناو سێ بەشەکەی دیکەی پرۆژەکە، وەک خانوو و جلوبەرگ و کڵاوی بێژان.
تاوەکو ئێستا بابەتەکان تەنیا بە زاراوەی کورمانجی کراون، بەڵام بەهمەن دۆغو گوتی، لە بەرنامەیاندایە بێنە هەولێر و هەموو بابەتەکانیان بۆ سەر زاراوەی سۆرانی وەربگێڕن.
لەوەتەی دەوڵەتی تورکیا دامەزراوە هەوڵی کپکردنی زمانی کوردی داوە و چەندین هەنگاوی لەو پێناوەدا ناوە، وەک سەپاندنی زمان و کولتووری تورکی بەسەر کوردەکاندا لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکاندا. هەرچەندە لەکاتی ئاگربەستە دوو ساڵ و نیویەکەی نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستاندا - پەکەکە، حکومەت نەرمی نواند بەرامبەر زمانی کوردی و تەنانەت کەناڵی تەلەڤزیۆنیشی بە زمانی کوردی کردەوە، بەڵام لە هاوینی ساڵی 2015 دا ئاگربەستەکە کۆتایی هات و حکومەت هەنگاوی بەرەو دواوە نا و زۆربەی ناوەندەکانی فێرکردنی زمانی کوردی داخست.
بەپێی راپرسییەکی ساڵی 2019ـی دەزگەی ئاماری راوەست لە باکوری کوردستان، تەنیا 18%ــی کوردەکان دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و بخوێننەوە و بنووسن. لە کاتێکدا 26%ــیان تەنیا دەتوانن قسەی پێ بکەن و 24.5%ــیان تەنیا لێی تێدەگەن. هەروەها %17ــیان دەڵێن، تەنیا کەمێکی لێ تێدەگەن و 14.5%ــەکەی دیکەش دەڵێن تەنیا چەند وشەیەکی کوردی دەزانن.
کاتێک لە بەڕێوەبەرە کوردەکەمان پرسی بۆچی ئەم کارە دەکات، ئەو گوتی، "ژمارەی ئەو کوردانەی کە بە زمانی دایک قسە دەکەن یان پێی دەنووسن کەمن. تەنانەت منداڵانی کورد لە زمانی خۆیان دوورکەوتونەتەوە، لەبەر ئەوەی لە تورکیا پەروەردە تەنیا بە زمانی تورکییە. ئەمە هۆکاری سەرەکییە (لە دواکەوتنی زمانی کوردی لەو وڵاتە)، بەڵام دایک و باوکان، بە منیشەوە، خەمساردین. بۆیە منداڵەکانمان یان کوردی نازانن، یان کەمێک دەزانن".