لە شەڕی نێوان دوو خێزاندا لە مێردین 7 کەس بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

لە شەڕی نێوان دوو گرووپ لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، 7 کەس برینداربوون کە برینی دوویان سەختە.

شەڕەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 30-7-2023، لە شەقامی PTTی گەڕەکی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە نێوان ئەندامانی دوو بنەماڵە روویدا کە خزمی یەکدین و دوژمندارن. ژمارەیەک لەو کەسانە چەکیان لابووە و تەقەیان کردووە. لە شەڕەکەدا حەوت کەس برینداربوون کە دوویان تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
دوای شەڕەکە، پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەکە و دۆخەکەیان ئارامکردەوە. برینداران گەیێندرانە نەخۆشخانە و خرانە ژێر چاودێریی پزیشک. بەگوێرەی گوتەی پزیشکان، دوو لەو حەوت بریندارە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و ژمارەیەک لە تۆمەتبار و گومانلێکراوی گەڕەکەکەی دەستگیرکردن و گوتەی لێوەرگرتن. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2022 لە سێ هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. دوو هەزار و 278 کەس کوژراون و چوار هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.