دکتۆر باخان: ئەگەر ئەو دۆسیەیە بە کوشتنم کۆتاییبێت، بەردەوام دەبم لەسەری
رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر باخان داوا لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و پێیان دەڵێت، ئەگەر بە کردەیی دەتانەوێت دژی گەندەڵی بووەستنەوە، "داواتان لێدەکەین بە هیچ شێوەیەک بێدەنگی لە گەندەڵییەکانی کەرتی تەندوستیی هەڵەبجە نەکەن."
ئەمڕۆ سێشەممە 31-08-2021 دکتۆر باخان ئازاد، بە مەبەستی گەیاندنی چەند بەڵگەیەک لەسەر "گەندەڵییەکانی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە" سەردانی دەستەی دەستپاکی لە شاری سلێمانی کرد، دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەمانەوێت پەیامی خۆمان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی و چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان بکەین. ئێمە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان درووشمی چاکسازیمان بەڕاستی بە وشە و نووسین ناوێت، بەڵکو بە کردەوە و کردار دەوێت. ئەگەر بە کردەیی دەتانەوێت دژی گەندەڵی بووەستنەوە، داواتان لێدەکەین بە هیچ شێوەیەک بێدەنگی لە گەندەڵییەکانی کەرتی تەندوستیی هەڵەبجە نەکەن."
بە گوتەی دکتۆر باخان "ناکرێت چیتر بپاڕێینەوە بۆ ئەو کەسانەی کە گەندەڵی دەکەن" گوتی، "دەبێت بدرێنە دادگە، خۆتان ببن بە چاودێر بەسەریانەوە و لێپێچینەوەی تووندیان لەگەڵدا بکەن، بۆ ئەوەی ببنە عیبرەت بۆ ئێستا و داهاتوو، بۆ هەموو ئەوانەیشی کە رۆژێک لە رۆژان بیر لەوە دەکەنەوە گەندەڵی بکەن."
پێشتریش چەند جارێک دکتۆر باخان ئازاد، باسی لە گەندەڵییەکانی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە کردووە، رۆژی 27ی نیسانی 2021، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ بەدواداچوونی قسەکانی پزیشکێک بەناوی باخان تاڵەبانی پێکهێنا کە تۆمەتی گەندەڵیی دایە پاڵ کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە و نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە و رایگەیاند، سەرجەم بەڵگەکانی گەیاندووەتە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی.
دکتۆر باخان رایگەیاند، "ئێمە سارد نەبووینەتەوە، ئەگەر ئەو دۆسیەیە بە کوشتنی خۆمان کۆتایی پێبێت، بەردەوام دەبین لەسەری. لەبەر ئەوەی نایەڵین بەسەر گەندەڵکاراندا تێپەڕێت و بە ئارەزووی خۆی پۆست بکات و خۆی وەکو پیاوێکی شەریف نیشان بدات، وەک ئەوەی خزمەتکارێکی سەر سەختی خەڵک بوون، نا بە پێچەوانەوە ئێوە داهاتی ئەو خەڵکەتان بۆ خزمەتی خۆتان، کۆمەڵێک کەسانی بەرژەوەندیخواز کە حیزبەکان و دەزگا حکومییەکانتان بۆ مەرامە کەسییەکانی خۆتان بەکارهێناوە، دەبێت لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوەتان لەگەڵدا بکرێت و بدرێنە دادگە."
دکتۆر باخان ئاماژە بەوە دەدات "ئەمڕۆ تازەترین ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستمان بوون، رادەستی دەستەی دەستپاکیمان کردووە، ئێمە یادگاری نانووسین، بەڕاستی گلەییمان هەیە لە دادگەکان، ئێمە نەهاتووین یادگاری بنووسین بۆ ئاییندە و یەکێک بیخوێنێتەوە، بەڵکو ئێمە داوا دەنووسین و داوای لێکۆڵینەوە دەکەین و دەبێت بەدواداچوون بکرێت، دەبێت راپۆرتەکانی چاودێری دارایی لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە بە تەواوەتی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون بدرێنە دادگە، هیچ کاتێکیش نابێت دەست لە کەسی گەندەڵ بپارێزرێت، چاکسازی و درووشمەکانتان لە گەندەڵی بە وشە بکەنە کردار."