پارتی لەبارەی 31ـی ئاب وەڵامی یەکێتی دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 31ـی ئابدا وەڵامی راگەیێندراوێکی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، "31ـی ئاب دەرئەنجام و كاردانەوەی هێنانی بە لێشاوی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بوو لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-8-2022، 26 ساڵ بەسەر رووداوەکانی 31ی ئابی 1996 تێدەپەڕێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاریی سوپای پێشووی عێراق، هێزەکانی یەکێتی لە کوردستان وەدەرنا. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە 30ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە، مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، 31ـی ئاب "شەڕی ناوخۆ و ناکۆکیی سیاسی لە وڵاتەکەمانی گەیاندە لووتکە و خیانەتێکی مێژوویی لێکەوتەوە." دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیش لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەدا دەڵێت، یەکێتی ئاماژەی بە "هۆکارەکانی" ئەو رووداوە نەکردووە. 
 
لە بەشێکی وەڵامەکەی پارتیدا هاتووە، "31ـی ئاب وەڵام بوو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە و، بە كورتییەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو، [واتا وەدەرنانی خراپتر بوو بە خراپ] كە ئاوەدانی و سەقامگیریی بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و نیشتمانیش وەك خۆی بە پارێزراوی مایەوە."
 
پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا باسی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کردووە و دەڵێت، بەبیری یەکێتی دەهێننەوە "لووتكەی خیانەت ئەو كاتە بوو لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 دا بە رێککەوتنێکی ژێربەژێری بەشێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نیوەی خاكی كوردستان بە كەركووكیشەوە تەسلیمی نەیارانی گەلی كوردستان كرا."
 
هاوکات یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمڕۆش هەمان ویست و پێویستی لە ئارادایە، کە هەڕەشەی سەر کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق بە کوردستانیشەوە وامان لێدەخوازێت بەرەی ناوخۆیی کوردستانی پتەو بکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە هەموو لایەنەکانی کوردستان بپەرژێنە سەر ئەرکەکانی قۆناخی داهاتوو، کە داکۆکییە لە مافەکانی گەلەکەمان لە عێراقێکی دیموکرات، فیدراڵ و تەوافوقیدا."