بابەکر زێباری: هیچ هێزێکی عێراق لە ئیبراهیم خەلیل و پێشخابوور جێگیرنەکراوە

رووداو - دهۆک

فەرماندەیەکی پێشمەرگە رایدەگەیێنێ، تاوەکو ئێستا هیچ هێزێکی عێراق لە دەروازە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل و پێشخابوور جێگیرنەکراوە.

بابەکر زێباری، فەرماندەی پێشمەرگە و سوپاسالاری پێشووی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆی نێوان شاندی سەربازیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی سەربازیی عێراق بەردەوامە و هیوادەخوازین هیچ کێشەیەک لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دروستنەبێت". 

زێباری بە ئاماژەکردن بەوەی لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، رایگەیاند هەر ئەمڕۆ شاندێکی سەربازی عێراق سەردانی ئاکادیمیای سەربازیی زاخۆی کردووە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 31-10-2017، لە چەند میدیایەکی تورکی و بیانی هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هێزێکی هاوبەشی تورکیا و عێراق لە دیوی باکووری کوردستانەوە چووەتە نێو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، وێنە و ڤیدیۆی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیش بە ئاڵای عێراقەوە لەنێو زاخۆ بڵاوکرایەوە، بەڵام بەخێرایی رەتکرایەوە.

لەبارەی ئەو دەنگۆیە بابەکر زێباری گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ هێزێک لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە پێشخابوور و ئیبراهیم خەلیل جێگیرنەکراوە". 

لەبارەی هێزە بینراوەکەش محەممەد تاهیر، جێگری سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق لەگەڵ پاسەوانەکانی بە ئیبراهیم خەلیلدا تێپەڕی و چووە تورکیا، دواتر گەڕایەوە". هەر ئەو شاندە سەربازییەش ئەمڕۆ سەردانی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆی کردووە.

هەروەها یوسف مووسا، پەیامنێری رووداو راستەوخۆ لە دەروازی ئیبراهیم خەلیلەوە رایگەیاند، سوپاسالاری عێراق شەش ئۆتۆمبێلی لەگەڵ بوونە و بە هەماهەنگی بەو دەروازەیەدا هاتووچۆی کردووە، جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگەشی لەگەڵ بووە.

لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25 ی ئەیلوولی ئەمساڵدا و، هەڕەشەی حکومەتی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دەروازە سنوورییەکان و کۆنترۆڵکردنیان، سوپای عێراق هێزێکی بردووەتە ئەودیوی ئیبراهیم خەلیل، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیشیان لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجامدا، ئەمڕۆش سوپاسالاری عێراق بۆ بەسەرکردنەوەکەی هێزەکە چووە شارۆچکەی سلۆپی لە باکووری کوردستان. 

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح