هەردی سەڵاح و پەرواز هەولێر دەخرۆشێنن

رووداو- هەولێر

رەنگە بۆ ئەم کرێکارانە سەری ساڵ مانایەکی دیکەی هەبێت، چونکە ئەوان ماندووبونێکی زۆر دەکێشن تاوەکو لەشەوی سەری ساڵ هەولێر جوانتر خۆی نمایش بکات.

ئەم کرێکارانە خەریکی ئامادەکردنی ستێچی کۆنسێرتەکانی شەوی سەری ساڵن کە لەبەردەم پارکی شانەدەر دروستدەکرێت.

لە چوار چێوەی ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی سەری ساڵ، پارێزگای هەولێر ئاهەنگێکی بەرفراوان سازدەکات، کە هەریەک لە هونەرمەندان هەردی سەڵاح و پەرواز حوسێن و ژمارەیەك هونەرمەندی فارسی و عەرەبی وەك ڤالی و دالیا بەشداری شەوی سەری ساڵی هەولێر دەکەن.

شاری هەولێری لەساڵانی رابردوودا زیاتر لەهەر شارێكی دیكەی هەرێم بودجەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە، هەروەها واپێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنی هەولێر بەپایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی 2014، گوڕوتینی زیاتر بەچالاكی و ئاهەنگەكانی پێشوازیكردن لەساڵی نوێ ببەخشێت، چونکە بۆ هەولێر دەبێتە دوو بۆنە.

له شەوی 31/12ی هەموو ساڵێك زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرقاڵدەبن بە پێشوازیكردن لەساڵێكی نوێ. لەگەڵ ئەوشدا هەرێمی كوردستان ساڵانە چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەبینێت، هاونیشتمانییانیش تاوەكو بەرەبەیان روو لەبازاڕ و شەقامەكان دەكەن و ئاهەنگ دەگێڕن و بە شایی و هەڵپەڕكێ پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.