ڤیدیۆ.. شەڕی ئەمڕۆی پێشمەرگە و داعش لە مەخموور

رووداو - مەخموور

هامەرەکانی پێشمەرگە دوای چەند رۆژێک بێ دەنگی، رۆژی چوارشەممە 31-12-2014 دەستیان بە پێشڕەوی زیاتر کرد، ئامانجەکەش هەردوو گوندی گەورەی سوڵتان عەبدوڵڵا و تەل شەعیر بوون لە نزیک مەخمور.

پێشمەرگە سەرەتا بە بۆردومان دەستی بە شەڕەکە کرد، دواتر گەمارۆی گوندی سوڵتان عەبدوڵڵایان دا، بەڵام توشی رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس بوون. کاتێکیش داعش گوندەکەی چۆڵکرد، تەنکەرێکی پڕ تی ئێن تی-یان بە ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە نارد، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی پێشمەرگە تەقاندییەوە.

دوای کوشتنی چەند چەکدارێكی داعش کە هێشتا لە گوندەکەدا مابوون، پێشمەرگە چووە ناوەندی گوندی سوڵتان عەبدوڵڵا کە گوندێکی گەورەی دەشتی مەخموورە. پێشمەرگە سەرقاڵی پشکنینی خانووەکانی گوندەکە بوون، داعش ئەمجارە هامەڕێکی پڕ تی ئێن تی بۆ قوڵایی گوندەکە نارد، بەڵام ئەم پێشمەرگەیە بەرامبەری  راوەستاو بەو ئاربیجیەی دەستی تەقاندییەوە.

چەكدارانی داعش ژمارەیەکی تەرمیان جێهێشتبوون، کاتێک سەرقاڵی وێنەگەرتنی  ئەم تەرمانە بووین، دوو داعشی بریندار لە نزیکمانەوە هەستانەوە و دەستیان بە تەقە کرد، بەڵام پێشمەرگەكان ئەوانیشیان کووشتن.

دواجار پێشمەرگە گوندەکانی سوڵتان عەبدوڵڵاو تەلشەعیر و دوێزات و تەنتەو کوشافی-یان  کۆنترۆڵکردنەوە، بەوەش بەرەی شەڕی مەخموور و گوێڕ بەیەک گەشتنەوە.

دوای کۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندانەش، پێشمەرگە دەستی بە پاكکردنەوەی ئەو بۆمبە چێندراوانە کرد، کە وەک هەمیشە دوای جێهێشتنی شوینێک چەكدارانی داعش لەسەر رێگاو ناو خانووەکان دایاندەنێن.