پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دەستپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی لیوای 17ی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بە هاوکاریی سوپای عێراق لە دەوروبەری قەزای کفری ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بۆ کێوماڵکردنی گوندەکانی پەلکانە و قوڕی چای غەڕڕە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستپێکردووە و چەندین شوێنی خۆ حەشاردانی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە.
 
عەمید روکن دلێر مەحموود، فەرماندەی لیوای 17ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 31-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکمان لە سنووری ژمارەیەک گوندی نزیک لە قەزای کفری دەستپێکرد، دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە بەنیازبوون هێرش بکەن، بۆیە ئێمە پێشیان کەوتووین و ئەمڕۆ گوندەکانی پەلکانە و قوڕی چای و غەڕڕە و چەند شوێنێکی دیکەمان کێوماڵ کرد و هێشتا بەردەوامین و دەست بەسەر چەند شوێنێکدا گیراوە کە ئەو چەکدارانەی داعش بۆ خۆحەشاردان بەکاریدەهێنن".
 
فەرماندەی لیوای 17ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆدا هێزەکانی لیوای 17ی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیان و هێزەکانی 52ی میحوەری قەرەتەپە - حەمرینی هێزی پێشمەرگە بەشدارن، لە هێزە عێراقییەکانیش لیواکانی 144 و لیوای سێی بەرپەرچدانەوەی خێراش بەشدارن و هێشتا بەردەوامین و رووبەرێکی فراوانمان کێوماڵ کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ پێشمەرگەیەک بریندار نەبووە و زیان بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".
 
لای خۆیەوە لیوا محەممەد سیاسی، جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپەی هێزەكانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ ئەوەیە، پێش ئەوەی چەکدارانی داعش هێرش بهێنن، ئێمە بچینە سەریان و هەموو کاتێک هێزەکانمان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان چاوکراوەن و ناهێڵین مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە دروست ببێتەوە".
 
لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا لە زنجیرەیەک هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە گەرمیان و کەرکووک، تاوەکو ئێستا 22 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهید بوون کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا روویانداوە.
 
بەگوێرەی نوێترین ئامار کە رۆژی 26-12-2021 وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 31-11-2021، "چەکدارانی داعش 229 کردەی تیرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا 356 شەهید، 480 بریندار و 33 رفێندراو هەبوون".
 
لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا چەکدارانی داعش چەند هێرشێکیان کردەسەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە؛ هۆکاری هێرشەکان بۆ هەبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە گێڕدرایەوە کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبوون.
 
رۆژی چوارشەممە 8-12-2021 هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان کرد، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەگەڵ سوپاری عێراق بڵاوکردەوە بڵاوکردەوە ودەڵێت "لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجام دا کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق".