کارگێڕیی پارێزگای کرماشان: یەدەگی خۆراک تەواو نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری کرماشان دەڵێ، یەدەگی خۆراکی ئەو پارێزگایە کەمنەبووەتەوە و داوا لە خەڵک دەکات، بە کڕینی زۆری خواردەمەنییەکان، سیستمی خواست و خستنەبازاڕ تێکنەدەن.
قوباد شەعبانی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری، رۆژی چوارشەممە 31-12-2025 بە میدیاکانی راگەیاند، دۆخی کۆگەکانی پاشەکەوتی ستراتیژیی خۆراک لەو پارێزگایە باشە و خواردەمەنیی پێویست لەو پارێزگایە هەیە بۆ ئەوەی بەپێی دۆخی ئاسایی بخرێتە بازاڕ.
شەعبانی دەڵێت، ئەو هەواڵانەی لەبارەی کەمبوونەوەی یەدەگی خۆراک لەو پارێزگایە بڵاوبوونەتەوە راست نین و یەدەگی خۆراک لەو پارێزگایە لە دۆخێکی سەقامگیر و جێی دڵنیاییدایە.
جێگری ئابووریی پارێزگاری کرماشان دەڵێ، تیمەکانی حکومەت بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی کێشەیەک روونەدات و کۆفرۆشەکان شتوومەک و پێداویستییەکانی خەڵک لە کۆگەکاندا نەشارنەوە.
قوباد شەعبانی گوتی، خەڵک دەتوانن بەپێی دۆخی ئاسایی شتوومەک و پێداویستییەکانیان بکڕن و پێویست ناکات، شتی زیاتر بکڕن و لە ماڵەوە کۆگەی بکەن.