لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان پشووی خوێندن راگەیێندراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 24 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر و بارانی زۆر ببارێ و لە 12 پارێزگاش پشووی خوێندن راگەیێندراوە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 پێشبینیی بارانی بەخوڕ و بەفری زۆر لە بەشێکی زۆری تورکیا و باکووری کوردستان دەکرێ.
 
کەشناسی تورکیا بۆ 42 پارێزگا هۆشداریی "کۆدی زەرد"ی بەفربارین و زریانی داوە، کە 24ـیان پارێزگاکانی باکووری کوردستانن و هەریەک لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئاگری، چەولیگ، بەدلیس، ئامەد، خارپێت، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، جۆلەمێرگ، قەرس، مەڵەتی، مەڕەش، مێردین، مووش، سێرت، سێواز، دێرسم، روها، وان، ئێلیهـ، شرنەخ، ئەردەخان، کیلیس دەگرێتەوە. 
 
پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باکوور، نێوەڕاست و رۆژئاوای تورکیا و باکووری کوردستان (4 بۆ 10 پلە) دابەزن.
 
لە ناوچەکانی باکووری کوردستان باران و بەفر کاریگەرییان دەبێت و لە ناوچە بەرز و ناوخۆییەکانی هەرێمەکە مەترسیی شەختە و بەستەڵەک هەیە.
 
کەشناسی هۆشداریی داوە لە ناوچە بەرزەکانی باکووری کوردستان و بەرزاییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای رەش، مەترسیی هەرەسی بەفر هەیە. 
 
پێشبینی دەکرێت لە هەندێک پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بایەکی بەهێز (40-70 کم/کاژێر) هەڵبکات. داوا لە هاووڵاتییان کراوە بەرامبەر بە رەوشی نالەباری کەشوهەوا رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
 
هەر ئەمڕۆ لە 23 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا پشووی خوێندن راگەیێندراوە، کە 12 ـیان باکووری کوردستانن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، وان، مێردین، موش، مەڵەتی، مەڕەش، دیلۆک، چەولیگ، روها، شرنەخ، سێواز و سەمسوور ـی باکووری کوردستان و ئاکسارای، ئارتڤین، بۆڵو، دوزجە، کایسەری، کارابووک، کاستامۆنو، نەوشەهیر، نیدە، ئۆردو، سینۆپ ـی تورکیا ئەمڕۆ دەرگای قوتابخانەکان ناکرێنەوە. 
 
لەو پارێزگا و شارۆچکانەی پشووی خوێندن راگەیێندراوە، فەرمانبەرانی حکومی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ژنانی دووگیان، ناچنە سەرکار و ئەو رۆژەیان وەک مۆڵەتی کارگێڕی بۆ هەژمار دەکرێت.