کچە کوردێکی ئێزدی لە لیستی 100 جوانترین کچی جیهاندایە

  
رووداو دیجیتاڵ

شێوەکار و نمایشکارێکی کوردی ئێزدی ناوی چووە لیستی بەناوبانگی "100 جوانترین رووخساری جیهان" بۆ ساڵی 2025. 
 
لیستەکە لەلایەن دامەزراوەی TC Candlerـەوە ئامادە دەکرێ و حەیات موراد وەک یەکەم کچە کوردی ئێزدی لە پلەی 58ـەمدا دەستنیشانکراوە.
 
حەیات موراد، ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پلەی 58ـەمی جیهاندا جێگیر بووم و بەمەش بوومە یەکەم کچی ئێزدی کە بچمە نێو ئەم لیستە نێودەوڵەتییە پڕ شکۆیەوە. ئەم پلەیەی بەدەستم هێناوە زۆر گرنگە، بەتایبەتی کاتێک سەیری ناوەکانی دیکەی نێو لیستەکە دەکەیت."
 
لەنێو 100 کەسەکەدا، ئەستێرەی جیهانی وەک دووا لیپا، گۆرانیبێژی بەریتانی کە 89 ملیۆن فۆڵۆوەرزی لە ئینستاگرام هەیە؛ رەیچڵ زێگلەر، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی کە 3 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە و چەندین کەسایەتیی دیکەی وەرزش و هونەر، هەن.
 
پێوەرەکانی هەڵبژاردن
 
حەیات موراد دەڵێ، هەڵبژاردنەکە لەسەر بنەمای سێ خاڵی سەرەکییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێ:
 
1- لە رێگەی داواکاری و دەنگی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
2- گرنگیدان بە جوانیی سرووشتی، کاریزما، کاریگەریی کولتووری و کەسایەتیی بەهێز.
 
3- تیمێکی رەخنەگری سەربەخۆ چاودێریی ناوە کاریگەرەکان لە سەرانسەری جیهان دەکەن و هەڵیان دەبژێرن.
 
حەیات موراد، هونەرمەندێکی شێوەکاری خەڵکی شنگالە و ئێستا لە کۆمەڵگەیەی شاریەیە لە پارێزگای دهۆک.
 
ئەو خانمە پێشتر بەشداریی لە چەندین پێشانگەی شێوەکاری کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، ئەم سەرکەوتنە "پەیامی شانازی و شکۆمەندییە" و نیشانەی ئەوەیە کە کچی ئێزدی دەتوانێ لە بەرزترین ئاستە نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتوو بێت.

 

 
حەیات موراد، پێشتر وەک بەربژێرێک بەشداریی لە کێبڕکێی "شاجوانی عێراق"ـدا کرد. ئەمەش رێخۆشکەربوو بۆ ناساندنی وەکو کەسایەتییەک کە هونەر، جوانی و ناسنامەی کولتووری لە کەسایەتیی خۆیدا کۆکردووەتەوە.

 

دامەزراوەی (TC Candler & The Independent Critics) دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و بارەگاکەی لە ئەمریکایە. ئەم لیستەیە لە ساڵی 1990ـەوە ساڵانە بڵاودەکرێتەوە.