رێگە نوێیەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەری شێرپەنجەی گەدە


رووداو- پزیشكی تۆ

د. ئەرمان ئایتەش*

نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە جۆرێكی مەترسیداری شێرپەنجەیە و چەندین نیشانەی ئاشکرا و شارەوەی هەن، لە باوترین نیشانەکانیشی بریتین لە خوێنبەربوونی شاراوە و هەبوونی خوێن لەنێو پشکنینەکان کە یەکێکە لە پشکنینە سەرەتاییەکان. بەڵام ئەمە ئەستەمە بۆ دەستنیشانکردن چونکە کەم کەس هەیە بچێت پشکنین بکات پێش ئەوەی بەهۆی کەمخوێنی تووشی لاوازی ببێت. 

هەروەها لە نیشانەکانی دیکەی شێرپەنجەی گەدە بریتییە لە دابەزینی کێش، نەمانی ئارەزووی خواردن و زوو تێربوون، هەروەها سکئێشە لە قۆناخەکانی کۆتایی شێرپەنجە، کە زۆربەی کات پشتگوێ دەخرێت و گومان بۆ شێرپەنجە ناکرێ.

شێرپەنجەی گەدە نیشانەی دیکەی وەک رشانەوە و هێلنج، هەروەها خوێنبەربوونی رێکەی لەگەڵدا هەن. 

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی گەدە:
1- هەناوبینی: 
هەناوبینی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەرس و وەرگرتنی شانەی ئەو کۆئەندامە بۆ پشکنینی شانەیی و خانەیی رێگەیەکی ناسراوە لە دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییەدا. 

2- ئەشیعەی تیشکی ئێکسی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەرس بە بەکارهێنانی بۆیەی تایبەت:
ئەم رێگەیە هەرچەند گرنگبێت، هێندەی هەناوبینی ورد نییە، بۆیە هەناوبینی زۆر گرنگە، چونکە لەم رێگەیەدا ناتواندرێت شانەی تایبەت وەربگیرێت و دەستنیشان و پشکنینی شانەکان بکرێت. 

3- رێگە وێنەییەکانی وەک سۆنار، CT, MRI, PET بەکاردێن بۆ تێگەیشتن لە جۆر و قۆناخی گۆڕانە خانەیەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هەروەها بۆ چاودێریکردنی دوای چارەسەریش گرنگن. 

شێرپەنجەی گەدە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

یەکەم- نەشتەرگەری
لە قۆناخە سەرەتاییەکان چەندین رێگە بەکاردێن، بەڵام بە بڕوای من چارەسەر بە نەشتەرگەری باشترین و وردترین جۆرە بۆ شێرپەنجەی گەدە. بەڵام دەبێت لە چارەسەری شێرپەنجەی گەدە دوو خال لەبەرچاو بگیرێن کە ئەمانەن: 
- سنووری لابردنی گەدە. 
- لابردنی نەشتەرگەری هەموو لیمفە گرێیەکان. 
ئامانجی سەرەکی پزیشكانی نەشتەرگەری گەدە و شێرپەنجە، بریتییە لە خاوێنکردنەوەی تەواوی خانە شێرپەنجەییەکان و ناوچە شێرپەنجەییەکە، بۆ ئەوەی هیچ گرێیەک لەدوای نەشتەرگەرییەکە جێ نەمێنێ.

دووەم- چارەسەری کیمیایی و تیشكی
یەکێك لە هەنگاوە گرنگەکان لە چارەسەری شێرپەنجەی گەدە گۆڕانکارییە لە شێوازی شێرپەنجە بۆ جۆری دەرمانی کیمیایی و تیشکی، لە سەردەمی ئێستا گەشەیەکی بەرچاو بەرەو بەکارهێنانی چارەسەری کیمیایی هەیە، کە وەک چارەسەرێكی بەهێزکەر بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردێت، کە نەشتەرگەری گەدەیان بۆ ئەنجامدراوە و لە قۆناخی چاکبوونەوەدان، کە پێشتر ئەمجۆرە لە چارەسەری کیمیایی لە پێش نەشتەرگەری بەکاردەهات و سوودی لێوەردەگیرا. 

*پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجەی گەدە لە گروپی نەخۆشخانەکانی ئاجیبادەم