نیشانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دوگیانبوون چین؟

رووداو-ئاژانسه‌كان

چەند هەفتەیەکى کەم دواى پیتاندنى هێلکە، نیشانەکانى دووگیانى دەست بە دەرکەوتن دەکەن، تەنانەت بەرلەوەى خانمەکە بەهۆى نەکەوتنە سووڕی مانگانەوە، گومان بکات یان هیواداربێ دووگیان بێ.
ئەمانە هەندێک لە نیشانەکانن:

1-هەڵاوسان و ئازار و توندبوونى مەمک:
جگە لەوانە، خانمەکە هەست بە پڕى و قورسى مەمکى دەکات، وا بڕوا دەکرێ ئەم نیشانانە بەهۆى گۆڕانى باڵانسى هۆرمۆنە مێیینەکانەوە بن.
2-ئێڵنج:
رەنگە هەندێکجار رشانەوەیشى لەگەڵ بێ. بەزۆرى لە بەیانیاندا روودەدات، بەڵام رێیتێدەچێت لە هەر کاتێکى شەو و رۆژدا رووبدات. هۆرمۆنەکانى پەیوەست بە دووگیانى وەک هۆکارى ئەمە دیاریکراون.
3-زۆر میزکردن:
4-لەشداهێزران: بەرزبوونەوەى ئاستى هۆرمۆنى پرۆجێسترۆن لە دووگیانیدا هۆکارێکى خەواڵوویى خانمانى دووگیانە.
5-گۆڕانى ئارەزووى خواردن: ئارەزوویەکى نائاسایى بۆ هەندێک خواردن و بێزارییەکى نائاسایى بۆ هەندێک خواردنى دیکە، لە نیشانەکانى دووگیانین.
6-خوێن لێڕۆیشتنێکى کەم:
هەندێکجار چەند دڵۆپێکى بچووکى خوێن لە دامێنەوە، تاکە نیشانەى سەرەتایى دووگیانبوونن. هۆکارى ئەوەش خوێنبەربوونێکى کەمە لەو شوێنەى هێلکە ى پیتێنراو لەسەر دیوارى منداڵدان دەچێندرێت.
7-سکئێشە: ئازار لە ناوچەى منداڵدان هۆکارى ئەو سکئێشەیەى سەرەتاى دووگیانییە.
8-گۆڕانى میزاج: ئەو شەپۆلە هۆرمۆنییەى بەنێو جەستەدا بەهۆى دووگیانییەوە پەیدا دەبێت، وادەکات کەسەکە میزاجى بگۆڕێ و لە کەسەکەدا بەشێوەى دڵتەنگى و دڵناسکى هەستى پێدەکرێ.
9-گێژبوون:
لە دووگیانیدا بەهۆى گۆڕانە هۆرمۆنییەکانەوە، بۆرییەکانى خوێن فراوان دەبن، بەو هۆیەشەوە فشارى خوێن دادەبەزێ و کەسەکە هەست بە گێژبووندەکات.
10-قەبزى: بەهۆى بەرزبوونى ئاستى هۆرمۆنەکانى پەیوەست بە دووگیانییەوە، جووڵەى ریخۆڵەکان هێواشدەبێتەوە و کەسەکە قەبز دەبێت.