مانگی سووری ئیماڕاتی نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون و منداڵان لە هەولێر دروستدەکات


رووداو – هەولێر

رێکخراوی مانگی سووری ئیماڕاتی، لە پارێزگای هەولێر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە لەدایکبوون و نەخۆشییەکانی منداڵان دروستدەکات. 


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر دەڵێت رێکخراوی مانگی سووری ئیماڕاتی، نەخۆشخانەی "عەتایا"ی تایبەت بە  لەدایکبوون و نەخۆشییەکانی منداڵان لە سنووری بەحرکە و بەرانەتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروستدەکات.

د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر تایبەت بە رووداوی گوت: "نەخۆشخانەکە پێکهاتووە لە 3 هۆڵی نەشتەرگەری تایبەت بە منداڵبوون و هۆڵێکی لە دایکبوونی سروشتی، بەشی چاودێری چڕی هەناسەدان، بەشی چاودێری منداڵەناکامەکان و 60 قەڕەوێڵە بۆ خەواندنی نەخۆش"، هەروەک دەشڵێت نەخۆشخانەکە دەرمانخانە و تاقیگەی تایبەت بەخۆی تێدایە و سەرجەم ئامێرەکانی لەلایەن ئیماڕاتەوە بۆ دابینکراون.

د. سامان ئاشكرایدەکات دوای تەواوبوونی کارەکانی، نەخۆشخانەکە رادەستی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دەرمان و پێداویستییەکانی رۆژانەی بۆ دابیندەکرێن.

هەروەک رایدەگەیێنێت بە سەدان هەزار هاونیشتمانی لە پارێزگای هەولێر، ئاوارەکانی عێراق و سووریا چارەسەر لەم نەخۆشخانەیە وەردەگرن و پاڵەپەستۆی سەر نەخۆشخانەکانی منداڵبوون و راپەرینی منداڵان کەمتردەبێتەوە.