زانیاریی پێویست دەربارەی كرێمی دژەخۆر
رووداو-ئاژانسەكان
كرێمی دژەخۆر بەكاردەهێنرێ تاوەكوو نەهێڵێ بڕی زیانمەندی تیشكی سەرو وەنەوشەیی بەر پێست بكەوێت، چونكە ئەو تیشكە ڕەنگی پێست تێكدەدات، چرچی دەكات و ئەگەری توشبونی بە شیرپەنجە زیاد دەكات.
زۆربەی دژە كرێمەكان بە یەكێك لەو دوو رێگایە رێگریی لە تیشكی سەرو وەنەوشەیی دەگرن: 1-پەرشكردنەوە و گێڕانەوەی ئەو تیشكە زیانمەندەی بەر رووكارەكەیان دەكەوێت 2-هەڵمژینی شەپۆلەكە بەرلەوەی بگاتە پێست.
ئێس پی ئێف چییە؟
توانای هەر كرێمێكی دژە خۆر بۆ رێگریی لە تیشكی سەرو وەنەوشویی بە پێوانی (SPF: Sun Protection Factor)ی ماددەی دژەخۆری كرێمەكە دیاری دەكرێت.
بەوپێیە SPFی 15 مانای وایە كرێمەكە 94% ی تیشكی سەرو وەنەوشەیی رادەگرێت و ناهێڵێت بەر پێست بكەوێت، SPFی 30 واتە بە ڕادەی 97% ڕێگری لێدەكات، SPFی 45 واتە 98% ڕێگەی لێدەگرێ.
بۆ تێگەیشتن لە SPF پێویستت بەم لێكدانەوە سادەیەیە: ئەگەر لە باراری ئاساییدا لەماوەی 10 خولەكدا هەست بە سووتانەوەی پێستت بكەی، ئەوا دوای بەكارهێنانی كرێمێكی خاوەن ئێس پی ئێفی 15 دەتوانیت 150 خولەك لەبەر هەتاو بیت بەرلەوەی پێستت بسووتێتەوە.
بەگشتی پسپۆڕان دەڵێن هەر SPFێكی سەرو 45 ڕادەیەكی ئەوتۆی بەرگری زیاد ناكات و هیچ دژەخۆرێك نییە 100% ڕێگا لەو تیشكە زیانبەخشە بگرێ...
تیشكی سەرو وەنەوشەیی
تیشكی سەرو وەنەوشەیی كە لە تیشكی هەتاو دایە دوو جۆرە A و B. جۆری B دەبێتە هۆی سوتانەوەو ژاكاندنی ڕوكاری دەرەوەی پێست، كەچی جۆری A كار لە چینە قووڵەكانی پێست دەكات و چرچیی پێست دروست دەكات.
مادەی دژەخۆرەكە تەنیا ڕێگا لە جۆری B دەگرێت و كارێكی ئەوتۆی بەسەر جۆری A یەوە نییە ئەگەر جۆرە ماددەیەكی تری بۆ زیاد نەكرابێ وەك ئۆكسیدی زینك یان پیرۆكسیدی تیتانیۆم یان هەر بەرگێكی بەرگریكاری كیمیایی دیكە.
بۆیە كاتێك دژەخۆر دەكڕیت، نابێ بیرت تەنیا لای بەرزێتی SPFەكەی بێت ، بەڵكو بیرێكیش لەوە بكەوە ئایا لەو ماددانەشی تێدایە كە ڕێگری تیشكی سەرو وەنەوشەیی لە جۆری A دەكەن؟.
باشتریش وایە لەو كرێمانە هەڵبژێری كە لە ئاودا ناتوێنەوە و ئاو نایانشواتەوە. هەروەها دەبێ نیو كاژێر بەر لە چوونە دەرەوە لە پێستتی بدەیت و هەمو دو كاژێرێك دوبارە لێی بدەیتەوە. دوای مەلەكردن و ئارەقكردنەوەش دەبێت دوبارە لە پێستتی بدەیتەوە.