"محەممەد" بەریتانیا داگیردەكات

رووداو - BBC

بە پێی ئەو راپرسییانەی لە بەریتانیا ئەنجامدراون، دەرکەوتووە کە لەساڵی 2014 دا ناوی محەممەد زۆرترین ناوی ئەو منداڵە کوڕانە بووە کە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە لەدایکبوون.

یەکێک لەو ماڵپەڕانەی کە راپرسییەکی بۆ ناونانی منداڵان لە بەریتانیا ئەنجامداوە، ماڵپەری babycentre.com) )ە ، کە تێیدا دەرکەوتووە ناونانی منداڵە تازە لەدایکبووەکان لەو وڵاتەدا بە ناوی محەممەد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، لە ساڵی 2014 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، 27 پلە زیادیکردووە و لە پێش ناوەکانی ئۆلیڤەر و جاک و نواوە هاتووە، کە پێشتر خێزانەکان بۆ ناوی کوڕە تازە لەدایکبووەکانیان لە بەریتانیا هەڵیاندەبژاردن.

بەپێی ئەو راپرسییانە ناوە عەرەبییەکانی دیکە وەک عومەر و عەلی و ئیبراهیم ئێستا لە بەریتانیا روو لە زیادبوونن و هەروەها لە نێو ناوی کچە تازە لەدایکبووەکانیش ناوەکانی نورا و مەریەم زۆربووە.

هەر بە پێی راپرسییەکان هەڵبژاردنی ناوەکانی جۆرج و ولیام و هاری کە پەیوەستن بە ناوی خێزانی شاهانە لە بەریتانیا، بەهەمانشێوە ئێستا خواست لەسەر هەڵبژاردنی ئەو ناوانەش بۆ منداڵەکان کەمبووەتەوە.