هۆکاری ئازاری بڕبڕەکانی مل چییە؟
رووداو-dpa
شێوازی ژیانی سەردەمی ئێستا وەهای کردووە ئازاری بڕبڕەکانی مل لە جاران بڵاوتر بێ، بەڵام بە هەندێک رێوشوێنی سادە دەتوانین ئەگەری روودانی کەم بکەینەوە، یان کە روویدا ئازارەکەی کەمبکەینەوە.
ئوتە مێرتس، پسپۆڕی چارەسەری فیزیایی و وەرزشی لە ئەڵمانیا، دەڵێ زۆر دانیشتن لە بەرامبەر شاشە جیاوازەکان، راگرتنی باری جەستە بە گشتی و مل بە تایبەتی لە دۆخی نائاساییدا، هەڵگرتنی قورسایی لەسەر تەنیا لایەکی جەستە، بەرکەوتنی شەپۆلی هەوای نائاسایی و نووستن لەسەر سەرینی نائاسایی هەموو هۆکاری درووستبوونی ملئێشەن. جگە لەو هۆکارە جەستەییانە، گوشاری دەروونیش هۆکارێکی پەیدابوونی ئازاری ملە، چونکە دەبێتەهۆی کرژبوونی ماسولکەکانی مل.
مێرتس دەڵێ بە جێبەجێکردنی هەندێک رێوشوێنی سادە دەتوانین ئازاری مل کەمبکەینەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە ئۆفیس کار بکەین، ئەوە بە رێکخستنی گۆشەی روانینمان بۆ شاشەکە و بەرزکردنەوەی مێزی کۆمپیوتەر و رێکخستنی رووناکیی شاشەکە، هەندێک لە مەترسییەکانی شاشە جیاوازەکان بۆ مل کەمبکەینەوە.
هەروەها گرنگە ماوە ماوە ناوبڕ وەربگری و بۆ ماوەی دوورودرێژ لە دانیشتندا نەمێنیتەوە، بۆنموونە کەمێک هاتوچۆ بکە لە ژوورەکەت، یان بیکە بە نەریت کە تەلەفۆنت بۆ هات هەستە پێ.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئازاری مل دوای چەند رۆژێک خۆبەخۆ چاکدەبێتەوە، بەڵام دەبێ ئازارەکە بەهەند وەربگرین و وەک هۆشدارییەکی سەرەتایی جەستەمان لێی بڕوانین و بیکەینە هەلێک بۆ گۆڕینی نەریتە ناتەندروستەکانی ژیان کە دەبنەهۆی ملئێشە.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر فلۆریان هاینین پسپۆڕی مێشک و دەمار لە ئەڵمانیا، دەڵێ لەگەڵ سەرهەڵدانی نیشانە سەرەتاییەکانی ملئێشە باشترە دەست بە وەرزش و چارەسەری فیزیایی و سرووشتی بکەین تاکو حاڵەتەکە سەر نەکێشێ بۆ حاڵەتی ئاڵۆزتر.
هەرکاتێکیش ئازارەکە لە ملەوە بڵاوبووەوە بەرەو شان و قۆڵەکان، یان هاوکات بوو لەگەڵ سڕبوونی پەلەکان، یان ئازارەکە هێندە توند بوو کەسەکە چیدی نەیدەتوانی بەرگەی بگرێ و کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لەسەر ژیانی رۆژانەی بەجێهێشت، ئیدی دەبێ کەسەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
هۆکاری ئەو نیشانانە ئەوەیە کە دەمارەکانی مل دەکەونە ژێر فشاری دیسکەکانی نێوان بڕبڕەکانی مل کاتێک تووشی خزان (ئینزیلاق) دەبن،یان خودی بڕبڕەکانی مل تووشی زەبر یان چوونە تەمەن دەبن.
کاتێک ئازارەکە بۆ ماوەی ٣ مانگ و زیاتر درێژە دەکێشێ، ئیدی پێیدەگوترێ ئازاری درێژخایەن و چارەسەرەکەی ئاڵۆزتر و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و چارەسازی فیزیایی و سرووشتی دیاریدەکرێ.