پسپۆڕێکی بەریتانی: شەکرەی جۆری دوو نەخۆشی نییە!


رووداو-سلێمانی

"دەبێ شەکرەی جۆری دوو ناوبنریتەوە و بیکەین بە کۆنیشانەی کەمجوڵان، چونکە شەکرەی جۆری دوو نەخۆشییەکی دیاریکراو نییە" ئەوە گوتەی یەکێک لە پزیشکە بەنیوبانگەکانی بەریتانیایە کە رۆژنامەی دەیلی مەیڵ ئاماژەیپێکردووە.


شەکرەی جۆری یەک و دوو


تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک زیاتر منداڵان و گەنجانن و بەهیچ جۆرێک ئەنسۆلین لە پەنکریاسەوە دەرنادەن، چونکە خانەکانی دەردانی ئەنسۆلین لە پەنکریاسیاندا بەتەواوی لەنێوچوون بەهۆی هێرشی کۆئەندامی بەرگری بۆ سەر ئەو خانانە.  

بەڵام شەکرەی جۆری دوو، زۆرتر پەیوەندی بە قەڵەوی و فاکتەری بۆماوەیی هەیە و تێیدا تووشبووان ئەنسۆلینیان هەیە، بەڵام یان بڕەکەی کەمە یان خانەکانی جەستەیان وەک پێویست وەڵامی کاری ئەنسۆلینی جەستەیان ناداتەوە. نزیکەى 95%ى تووشبووانی شەکرە، شەکرەی جۆری دوویان هەیە. 

ئەوانەی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە، هەر دەبێ ماددەی ئەنسۆلین وەربگرن کە ئێستا بە زۆری بەشێوەی دەرزی هەیە. 

تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو بە وەرزش و رێجیم یارمەتی رێکخستنی شەکری خوێنیان دەدەن، دەرمانەکانیشیان بەزۆری بەشێوەی حەب هەن و چەندین جۆریان هەیە.

بۆچوونی نوێ لەبارەی شەکرەی جۆری دوو


ئەوەی خاوەنی نوێترین بۆچوونە لەبارەی شەرەی جۆری دوو، پزیشکێکی زۆر ناسراوی بەریتانییە بەنێوی مور گرەی.

دکتۆر مور گرەی چەندین پۆستی باڵای لە بەریتانیا وەرگرتووە لە بوارەکانی تەندروستی کۆمەل، پشکنین و بەدواداچوونی پزیشکی و 45 ساڵە لە دامەزراوەی تەندروستی بەریتانیدا خەریکی کار و چالاکییە. بەڕیوەبەری لێژنەی پشکنینە پێشوەختە پزیشکییەکانی بەریتانیا بووە و چەندین توێژینەوە و بەدواداچوونی گەورەی پزیشکیی هەن.

یەکێک لە بوارەکانی توێژینەوەی ئەو پزیشکە شەکرەی جۆری دووە. ئەو دەڵێ ئەو جۆرە لە شەکرە پێویستە دووبارە ناوبنرێتەوە، چونکە هیچ نییە جگە لە لێکەوتەکانی ژیانی مۆدێرنانەی مرۆڤ. گرەی وایدەبینێ ژیانی پڕ دانیشتن و بێ جووڵەی ئێستا لەپشت تووشبوونە بەو حاڵەتەی بە سەکرەی جۆری دوو ناسراوە.

لە دواترین بۆچوونی خۆیدا، کە لە فێستیڤاڵی دامەزراوەی ئۆکسفۆرد ئاشکرای کرد، گرەی گوتی "شەکرەی جۆری دوو، یان کۆنیشانەی کەمجووڵان، من لە هەوڵی ئەوەدام ناوەکە لە شەکرەوە بگۆڕم".

گرەی دەڵێ کاتێک دەڵێی شەکرەی جۆری دوو، خەڵکی وادەزانن نەخۆشییەکە و تووشیان بووە، وەک چۆن تووشی رۆماتیزمە دەبن بۆ نموونە. بەڵام لە راستیدا ئەوەی شەکرەی جۆری دوو دروستدەکات شیوازی مۆدێرنانە(تەمبەڵانە)ی ژیانە.

شەکرەی دوو بەزۆری بەهۆی قەڵەویی روودەدات و ژمارەیەکی زۆۆر لە تووشبووان تەنیا بە رێکخستنی خۆراکیان دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

ئێستا لە بەریتانیا هیچ نەخۆشییەک هێندەی شەکرە دەرمانی بۆ سەرف ناکرێ.

ئەو دەڵێ تەمەنی ناوەنجی کاتێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بە هەندێک گۆڕانکاریی سادە، تەمەنت درێژبکەی و لە نەخۆشییەکانی وەک شەکرەی جۆری دوو بەدووربی.

ئەو نموونەیەکی ئەو گۆڕانە سادانە رووندەکاتەوە "هەموو کات کۆنترۆلێ تەلەڤزیۆنەکەت با لە خۆتەوە دور بێ، کاتی ریکلامەکان هەستە، کاتی هەواڵەکانی کەشناسی بە دانیشتنەوە تەماشا مەکە".

بە گشتیش دەڵێ کەمترین کات تەماشای تیڤی بکەن و زۆرترین کات چوست و چالاک و بەجووڵە بن.

بۆچوونەکەی گرەی، کە شەکرە بە نەخۆشی نازانێ، لەلایەن هەندێک دامەزراوەی تەندروستییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.

تام فرای، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی بەریتانی بۆ رووبەرووبەوەی قەڵەوی، دەڵێ "ئێمە دەزانین چەند گۆڕانکارییەکی سادە لە شێوازی ژیان، سوودێکی زۆریان هەیە لە تووشبووانی شەکرەدا، لە نموونەی ئەو گۆڕانکارییانەش زیادکردنی چالاکی جەستەیی و رێکخستنی کێشن. بەڵام ئێمە دەبێ هانی خەڵکی بدەین ئەم نەریتە باشانە جێبەجێ بکەن تاکوو چاک ببنەوە، نەوەک لۆمەیان بکەین و بڵێین بەهۆی هەڵەی خۆتان تووشی شەکرە بوون!".

فرای دەڵێ ناکرێ بڵێێن شەکرەی جۆی دوو نەخۆشی نییە "ئەگەر نەخۆشی نییە بۆ ملیاران پاوەندی تێدا خەرج دەکەین".