دارچینی ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکاتەوە

رووداو- هەولێر

پزیشکانی زانکۆی ئیلام لە ئێران رایدەگەیێنن دارچینی یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە و رێگە لە لەدەستدانی بڕێکی زۆری خوێنیش دەگرێت.

لە توێژینەوەکەدا پزیشکانی ئێرانی پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان خواردنی دارچینی و کەمبوونەوەی توندی ئازاری سوڕی مانگانە.

د. فاتمە نەجەفی، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون و یەکێک لە پزیشکانی بەشدار لە توێژینەوەکە دەڵێت: دارچینی بە دژەهەوکردنەکان دەوڵەمەندە و یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکانی حەوز دەدات، هەر ئەمەش وادەکات سوودی هەبێت لە کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانەدا.

پسپۆڕەکەی خانمان ومنداڵبوون رێنماییدەداتە خانمان، لەکاتی سوڕی مانگانەدا دارچینی بۆ خواردن و خواردنەوەکانی وەک چا و شیر زیادبکەن، بۆ ئەوەی توندی ئازارەکە و خوێنبەربوونەکەیان کەمببێتەوە.

لە توێژینەوەکانی پێشوتریش سوودەکانی دارچینی خراونەتەڕوو لەوانەش دژی نەخۆشی شەکرەیە، ئاستی زیرەکی باشتردەکات و ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن کەمدەکاتەوە.