تەندروستی سلێمانی چەند شوێن و سەنتەرێکی جوانکاری دادەخات
رووداو-سلێمانی
شەممە 4ی ئادار لێژنەی کەرتی تایبەت و ئارایشتگاکان لە بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکان" چەند شوێن و سەنتەرێکی جوانکارییان داخست.
لەو بارەیەوە د.عادل عوسمان، سەرۆکی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە تەندروستی سلێمانی، بە (رووداو)ی گوت "ئەو سەنتەر و شوێنانە مۆڵەتی تەندروستییان نەبووە یاخود رێنماییە تەندروستییەکانیان جێبەجێنەکردووە و چەند جاری دیکەش ئاگادارکرابوونەوە".
لەبارەی ئەو شوێن و سەنتەرانەی کە ئەمڕۆ داخران، د.عادل گوتی "شەش شوێنن، ئەوانیش؛ سەنتەری ئەڵمانی، ئارایشتگای مس ستایڵ، هۆرجۆن بۆ دەرمانی گیایی، سەنتەری گۆڵدن بیوتی، سەنتەری کلیۆپاترای پزیشکی و سەنتەری لەیزەر کلینیک".
بەپێی زانیارییەکانی (رووداو) هەڵمەتی داخستنەکە بە هاوکاری بەشی دامودەزگاکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی سلێمانی ئەنجامدراوە.
ئەم وێنانە لەلایەن بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە تەندروستی سلێمانی بۆ (رووداو) نێردراون.