هەموو شتێک لەبارەی زیپکە


زیپکە چییە؟


مەبەست لە زیپکە ئەو گرێ بەرزەى پێستە، شلەیەکى تێدایە و لە ئەنجامى داخستن یا گیرانى رژێنە چەورییەکان و کەناڵى تاڵە مووەکان، بە هاوکارى هەندێک بەکتریاى ناو پێست و زۆربوونى چەوریى پێست دروستدەبێت، زۆربەی زیپکەکان لە رووخسار، مل، شان، پشت و سنگ دەردەکەون.

زیپکە لەنێو گەنجان زۆر باوە، بە جۆرێك لە تەمەنی هەرزەکاریدا 70-87% خەڵکی تووشی دەبن.

بەگوێرەی سەختییەکەی، زیپکە دەبێتەهۆی خەمۆکی دەروونی و برینی پێست جێدەهێڵێت، بەڵام هەرچەندە زووتر چارەسەر بکرێت، دەرهاوێشتەکانی کەمترن.


نیشانەکانی زیپکە

بەپێی سەختی و جۆرەکەی، نیشانەکانی زیپکە لە کەسێكەوە بۆ کەسێكی دیکە جیاوازن، لە باوترین نیشانەکانی:
-    زیپکەی سەر سپی "کەناڵی چەورییەکەی گیراوە".
-    زیپکەی سەر رەش "کەناڵی چەورییەکەی کراوەیە و کاتێك چەورییەکە بەر هەوا دەکەوێت، قاوەیی و رەش هەڵدەگەڕێ".
-    قنچکەی سەر سوور و بە ئازار.


ئەو هۆکارانەی زیپكە خراپتر دەکەن:

1-    هۆڕمۆنەکان:
لەکاتی باڵغبوون هۆڕمۆنی ئەندرۆجین لە جەستەی خانمان و پیاوان زیاددەکات، ئەمەش وادەکات چەورییە رژێنەکان گەورەتربن و چەوری زیاتردروستبکەن، کە دەبێتەهۆی زیپکە.
 
2-    دەرمان:
هەندێ جۆری دەرمان، بەتایبەت ستیڕۆیدەکان و ئەندرۆجینەکان زیپکە خراپتر دەکەن.

3-    خۆراک:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەندێک جۆری خۆراک بەتایبەت شیرەمەنییەکان و ئەوانەی بە کاربۆهایدراتەکان دەوڵەمەندن وەک نان، زیپکە خراپتر دەکەن.

4-    گوشاری دەروونی:
ئەمەش هۆکارێكە بۆ خراپتربوونی زیپکە


چارەسەری زیپكە:
بێگومان چارەسەرەکانی زیپکە زۆرن، بەڵام پێویستە بەپێی ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێن و ماوەیان بۆ دیاری بکرێت، چونکە زیادبەکارهێنانی دەرمانیش زیانی هەیە.

ئەو دەرمانانەی بۆ زیپکە بەکاردێن جۆریان جیاوازە و دەبنەهۆی کەمبوونەوەی چەوری، هەروەها گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی خانەکان خێرادەکەن و جەنگ لەگەڵ بەکتریاکان دەکەن دژی هەوکردن.

لەباوترین دەرمانەکان:

چارەسەری ناوچەیی پێست:
ئەم جۆرە دەرمانانە راستەوخۆ لەسەر پێست دەدرێن و بەشێوەی کرێم هەن، باشترە پێست بشۆرێت و دوای 15 خولەک لە وشكبوونەوەی بەکاربهێندرێن. کە چەند جۆرێكی جیاوازی وەک دژەبەکتریا و ریتینۆیدەکان هەن.

چارەسەر لەرێگەی دەم:
بۆ زیپکەی قوڵ و مامناوەند، هەندێکجار پزیشك لەرێگەی دەم دەرمان بە نەخۆش دەدات، لەوانەش بریتین لە دژە بەکتریاکان و هەندێکجاریش دەرمانە هۆڕمۆنییەکانی رێگریکردن لە منداڵبوون سوودبەخشن بۆ خانمان. هەروەها هەندێکجار پزیشك دەرمانی دژە ئەندرۆجین بە نەخۆش دەدات.


چارەسەری برینی پاشماوەی زیپکە:
چەند رێگەیەکی جیاواز هەن بۆ چارەسەری برینی دوای زیپکە کە بریتین لە
   فیلەری شانە نەرمەکان
-    پاککەرەوەی توێکڵی پێست بە ماددە کیمیاییەکان
-    چارەسەری رووناکی
-    چارەسەری لەیزەری
-    نەشتەرگەری پێست