مەگنیسیۆم.. سوود و سەرچاوە خۆراکییەکانی
رووداو - ئاژانسەکان
مەگنیسیۆم لە رەگەزە خۆراکییە گرنگەکانە و لە خۆراکی ئێستادا بەڕێژەی پێویست نییە. بۆیە وا باشە سەرنجتان لەسەر ئەم رەگەزە گرنگە و سەرچاوەکانی بێت.
مەگنیسیۆم بۆ رێکخستنی گوشاری خوێن، پتەویی ئێسک و لێدانی دڵ زۆر گرنگە و جەستەی کەسێکی پێگەیشتوو رۆژانە نزیکەی 400 میللیگرامى پێویستە.
مەگنیسیۆم رۆڵی لە کارکردنی 300 ئەنزیمی جەستەدا هەیە و گرنگە بۆ پرۆسەی زیندەپاڵی خۆراک، دروستکردنی ترشە چەورییەکان، ترشە ئەمینییەکان و پرۆتین.
رۆڵێکی کاراشی هەیە لە گواستنەوەی هەستەدەمار و جووڵە دەمارییەکاندا.
دەرکەوتووە ئەو خانمانەی بڕی پێویستی مەگنسیۆم لە خۆراکەوە وەردەگرن، کەمتر تووشی ئازار و گرفتەکانی دیکەی کاتی سووڕی مانگانە دەبن. مەگنیسیۆم یەکێکە لەو حەوت وردە رەگەزە خۆراکییەی کە بە بنەڕەتی دادەنرێن، واتە جەستە ناتوانێ پێداویستی خۆی لەنێو خۆیدا بەم ماددەیە پڕبکاتەوە و دەبێ لە خۆراکەوە وەربگیرێ.
ئەو کەسەی مەگنیسیۆمی پێویست لە جەستەیدا نییە، تووشی چەند گرفتێک دەبێ، لەوانە: نەمانی ئارەزووی خواردن، ئێڵنج و رشانەوە، هەستکردن بە ماندووێتى، سڕبوونی جەستە، ئازاری ماسولکە و تەنانەت گەشکەلێهاتن و تێکچوونی ریتمی لێدانەکانی دڵ.
لەنێو جەستەی مرۆڤێکی پێگەیشتوودا 25 گرام مەگنیسیۆم هەیە کە نیوە زیاترى لە ئێسکەپەیکەردا کۆبووەتەوە. ئەوەی دیکەی دەکەوێتە نێو پێکهاتەی ماسولکەکان، شانە نەرمەکانی دیکە و شلەکانی جەستە.
ئەمانە هەندێک خۆراکی دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم:
1- مۆز:
هەر بە پۆتاسیۆم و ڤیتامین (C) دەوڵەمەند نییە، بەڵکو دەرکەوتووە بڕێکی باشی مەگنسیۆمی تێدایە. جگە لەمانە، مۆز هانی دەردانی رەگەزی کیمیایی سیرۆتۆنین لە جەستەدا دەدات کە میزاجی مرۆڤ باش دەکات.
2- ماسی:
سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مەگنیسیۆمە، بەتایبەت ماسیی زەریاکان، واتە ماسییە گەورەکان.
3- پرتەقاڵ:
پرتەقاڵ بەشێوەی شەربەتی فرێش بیخۆی یان راستەوخۆ میوەکە بخۆی، بڕێکی باشی مەگنسیۆمت دەداتێ، تەنانەت بە گەرمکردنیش مەگنسیۆمەکەی لەناوناچێت، ئەوەش هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بیکەنە پێکهاتەی هەویرەمەنییەکانەوە.
4- چەرەس:
چەرەسە جیاوازەکان سەرچاوەیەکی نایابی مەگنیسیۆمن، جگە لە مەگنیسیۆم بە چەندین ماددەی زۆر گرنگ و دەگمەنی وەک زینک دەوڵەمەندن. بۆیە رۆژانە چەرەس بخۆ، بەڵام زێدەڕۆییان تێدا مەکە، چونکە بڕێکی زۆر وزە دەدەن و ئەگەر زۆریان لێبخۆی دەبنە هۆی قەڵەوبوون.
5- نیسک:
سەد گرام لە نیسک 75 میللیگرام مەگنیسیۆمی تێدایە، ئەوەش بڕێکی باشە. بۆیە شۆربای نیسک لەسەر سفرەکەت، نیشانەیەکی ژیرانە هەڵبژاردنی ژەمەکەتە.
6- چەڵتووک:
کاتێک برنج هەندێک لە توێکڵەکەی پێوە دەمێنێ، لە هەر 100 گرامێکیدا 157 میللیگرام مەگنسیۆمی تێدا دەبێت، بەڵام کاتێک تەواو سپی دەکرێتەوە، رێژەکەی دادەبەزێت بۆ کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە.
7- گۆشتی باڵندە و پەلەوەر:
گۆشتی باڵندەکان بەگشتی سەرچاوەیەکی باشی مەگنیسیۆمن، بەڵام قاز و مراوی و قەل بەتایبەت دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم.
8- ئاردی بۆر:
ئاردی بۆر زۆر دەوڵەمەندە بە مەگنیسیۆم، جگە لەوە سەرچاوەیەکی باشی ئاسن، مس، فۆسفۆڕە و چەندین جۆر ڤیتامینیشی تێدایە.
6- هەویری عەلی بابا:
هاڕاوەی بە هەویرکراوی عەلی بابا ئێجگار دەوڵەمەندە بە مەگنیسیۆم، بەجۆرێک تەنیا 100 گرام لەو هەویرە 120 میللیگرام مەگنیسیۆمی تێدایە.
10 - کەلەرم:
گەڵاکانی بڕێکی باش مەگنیسیۆمیان تێدایە.