رووداو-ئیندیپێندنت
لە بەریتانیا نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی بڕیار دەدەن ئەو كەسانەی قەڵەو یان جگەرەكێشن، تاكو كێش دانەبەزێنن و لە جگەرەكێشان دوورنەكەونەوە، نەشتەرگەرییە ساردەكانیان بۆ ئەنجامنەدەن.
بەپێی بڕیارە نوێیەكە ئەو كەسەی قەڵەو بێت نەشتەرگەرییە ساردەكەی بۆ ماوەیەك دوادەخرێ كە رەنگە بگاتە یەك ساڵ تاكو كێشی دادەبەزێنێ بۆ ئاستێك كە هاوكۆلكەی بارستایی جەستەیان لە 30 زۆرتر نەبێ.
پشتیوانانی پرۆژەكە دەڵێن ئەمە هەنگاوێكی كارایە بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدات كێشیان رێكبخەن، بەڵام رەخنەگران دەڵێن ئەمە جیاكارییە و قەڵەوەكان ناچار دەكات بەدەست ئازاری ناپێویست و گرفتی دیكەوە بناڵێنن و مەبەستەكە تەنیا دەستكەوتنی پارەیە لەلایەن سیستمی تەندروستی وڵاتەوە.
پزیشكە پسپۆڕەكانیش دەڵێن بڕیارەكە بۆ بەرژەوەندی نەخۆشە، چونكە ئەوانەی قەڵەون ئەگەری زۆرترە تووشی ئاڵۆزكارییەكانی نەشتەرگەری ببن و ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە.
هەندێك دامەزراوەی دیكەش بە جگەرەكێشەكان دەڵێن تاكو واز لە جگەرە نەهێنن نابێ چاوەڕوانی نەشتەرگەری بن.
ساڵی رابردوو دامەزراوەی تەندروستی بەریتانی 3.26 ملیار دۆلاری زیادەی خەرجكردووە لەوەی بۆی بڕیاردرابوو، بەرپرسانی سیستمەكەش وا بڕوا دەكەن بەشێكی زۆری ئەو پارە زیادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی و جگەرەكێشان و ماكەكانیان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ