11 هۆکاری لووتگیران
رووداو-هێڵسکۆم
لووتگیران لە بڵاوترین ئەو حاڵەتانەیە کە لە یەکە تەندروستییەکان دەبینرێن و داوای چارەسەر دەکەن. لووتگیران نەخۆشییەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ هەبوونی یەکێک لەو لیستە درێژەی نەخۆشییە کە لانیکەم یەکێک لە نیشانەکانیان گیرانی لووتە.
ئەمانە هۆکارە دیارەکانی ئەو حاڵەتەن:
1- هەستەوەری:
یەکێکە لە نیشانەکانی بریتییە لە لووتگیران. هەستەوەری رەنگە بە دەنکەهەڵاڵە، ئاژەڵ، تەپوتۆز، گژوگیا و پاشەڕۆی ئاژەڵ و هەر شتێکی دیکە بێ. ئەوانەی هۆکاری لووتگیرانەکەیان هەستەوەرییە، هەنگاوی یەکەمی چارەسەریان خۆپاراستنە لەو هۆکارەی تووشیان دەکات، ئەویش بە: دووربوون لەو جێگایانەی ئەو هۆکارانەیان تێدان، پۆشینی ماسک، خۆشوشتن پاش گەڕانەوە لەو شوێنانە، شوشتنی دەم و لووت. ئەگەر هەموو ئەمانە بێسوودبوون، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە.
2- هەڵامەت و پەتای وەرزی:
هۆکاری تووشبوون بەمانە ڤایرۆسە. تاوەکو ڤایرۆسەکە سووڕەکەی خۆی تەواودەکات، لووتگیران کێشەی کەسەکە دەبێ بۆ چەند رۆژێک. بە گشتی ئەمانە چارەیەکی ئەوتۆیان ناوێ، جگە لە پشوودان و زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەکان. ئەگەر کەسەکە زۆر هەراسان بوو، دەتوانێ سەردانى پزیشک بکات
3- هەوکردنی کورتخایەنی گیرفانەکانی لووت:
گیرفانەکانی لووت چەند بۆشاییەکن لە ئێسکەکانی رووخساردا و بە ناوپۆشێکی تەڕ و لینج داپۆشراون و بە رێڕەوی تایبەت بە لووتەوە بەستراون. کاتێک بەهۆی هۆکارێکی دروستکەری هەستەوەری، ڤایرۆس یان بەکتریایەک بارە ئاساییەکەیان تێکدەچێت، شلەیەکی زۆریان تێدا کۆدەبێتەوە و دەبنەهۆی گیرانی لووت.
4- هەوکردنی درێژخایەنی گیرفانەکانی لووت:
لەمبارەدا هەوکردنەکە لەکاتی خۆیدا چاکنابێتەوە. شلەکە لەنێو گیرفان و جۆگەکانیان گیردەخوات، دیوارە ناوپۆشەکان زیاتر هەودەکەن و لووتگیران و قورسیی رووخسار و پێشەسەر بەردەوامدەبێ.
ئەگەر رێوشوێنە سادەکانی خۆت، دەرمانی کەمکەرەوەی شلەی نێو گیرفانەکان و دەرمانەکانی دیکە بێسوود بوون، رەنگە ئیدی پزیشک بیر لە نەشتەرگەری بکاتەوە. ئەویش بە فراوانکردنی کونی ئەو جۆگانەی شلەکە لە گیرفانەکان دەکەنە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئەو شلەیە هێندە گیرنەخوات لە گیرفانەکان و راڕەوەکانیان.
5- لاری کۆڵەگەی لووت:
ئەو کۆڵەگەیەی هەردوو کونەلووت دابەشدەکات، لە هەندێک کەسدا لار دەبێ و بە لایەکدا دەکەوێ لە ناوەوە، بێئەوەی هەستی پێبکەی. هۆکارەکە لەوانەیە زەبرێک بێ کە پێشووتر بەری کەوتبێ. لەمبارەدا بە زۆری لایەکی لووت دەگیرێ. ئەگەر گیرانەکە زۆر نەبێ، ئەوە تەنیا بە دەرمان هەوڵی بەرەڵڵاکردنی ئەو کونە دەدرێ کە هێشتا ماوە. بەڵام ئەگەر هەناسەدان ئاستەم بکات، ئەوە پێویست بە نەشتەرگەرییە.
6- دووگیانی:
لە دووگیانیدا بۆڕییەکانی خوێن فراوان دەبن و خوێنی زیاتر بۆ زۆربەی ناوچەکانی جەستە دەڕوات، یەکێکیان لووت و گیرفانەکانی لووتە کە بە هەڵاوسان و گیران کۆتایی دێ لە بەشێک لە خانمانی دووگیاندا. بەو پێیەی دەرمانەکان بەگشتی تەواو بێ زیان نین لەکاتی دووگیانی، وا باشترە خانمی دووگیان تەنیا پشت بە قەترە و سپرای سەلاین (ئاو و خوێ) ببەستێ بۆ خاوێنکردنەوەی لووت.
7- گەورەبوونی لەوزەتێن:
ئەمانە کەوتوونەتە قوڕگەوە و ئەرکی سەرەکییان بەهێزکردنی بەرگریی منداڵە لە دژی بەکتریا و ڤایرۆسەکان، بە تایبەت پێش تەمەنی پێنج ساڵی. لە پاش ئەو تەمەنە وردە وردە دەپووکێنەوە و ئەرکیشیان بەرەو کەمی دەچێ. هەندێکجار خۆیان تووشی هەوکردن دەبن و هەڵدەئاوسێن و دەبنەهۆی لووتگیران، زۆرجار بە دەرمان چاک دەبنەوە. بەڵام هەندێکجار زوو زوو دەئاوسێن و دەبنەهۆی تێکدانی خەوی منداڵ و هەناسەدانی ئاستەم دەکەن، لەو حاڵەتەدا پێویستى بە نەشتەرگەرى دەبێ.
8 – گۆشتى زیادەى لووت:
هەوکردن و هەستەوەری درێژخایەنی نێوپۆشی لووت و گیرفانەکان، دەبێتەهۆی هەڵاوسانی ئەو نێوپۆشە و وەکوو گرێیەک یان کیسەیەک لە نێوپۆشەکەوە دەردەچنە نێو کەناڵەکانی لوت و گیرفانەکان و ئەوەش گیرانی لووتی لێدەکەوێتەوە. بەشێک لە خەڵکی بە دەرمان دەکرێ گۆشتەزیادەکانی لووتیان بپووکێندرێتەوە، بەڵام بەشێکیان پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.
9 - تەسکیی کەناڵەکانی لووت:
هەندێک کەس هەر کە لەدایک دەبن کەناڵەکانی لووتیان تەسکە. زۆربەشی بەهۆی ئەوەیە کە پەڕەکانی نێو لووت زیاد لە پێویست گەورەن. چارەسەرەکە هەندێکجار بە دەرمان دەبێ بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسانی نێوپۆشی لووت و رووپۆشی ئەو پەڕانە. بەڵام هەندێکجار پێویستە بە نەشتەرگەری پەڕەکانی نێو لووت بچووکبکرێنەوە.
10- رووشێنەرە کیمیاییەکان:
هەندێک ماددەی کیمیایی هەن کە دەبنەهۆی وروژاندنی نیوپۆشی دیوارەکان لووت و هەڵاوسان و سەرەنجام گیرانیان. بۆنە جیاوازەکان (عەتر و موعەتەر) لە بڵاوترین هۆکارەکان. زۆر بەکارهێنانی ئەمانە هەستی بۆنکردنیش لاوازدەکات، بۆیە کەسەکە لەگەڵ تێپەڕینی کات زیاتر و زیاتر بەکاریاندەهێنێ، چونکە وا هەستدەکات بڕی پێویستی نەداوە لە خۆی، زیادکردنی بڕەکەش زیاتر لووت ئازار دەدات.
11- گوشار:
سترێس و بارە سۆزدارییە توندەکانی دیکە، گۆڕان لە هۆرمۆنەکانی جەستە دروستدەکەن، یەکێک لە لێکەوتەکان بریتییە لە گیرانی لووت. چارەی ئەم جۆرەیان بریتییە لە بنبڕکردنی ئەو هۆکارەی تووشی سترێس و دڵتەنگیی زۆرت دەکات، جا بە وەرزش بێ، یان یۆگا و تێکەڵیی کۆمەڵایەتی.